چەتری دەستوریی قەوارەی هەرێمی كوردستان

هاوڕێ تۆفیق


12 خولەک پێش ئێستا

دەسەڵاتی سەرۆك وەزیران, یان ئەنجومەنی وەزیران؟

دەستوری عێراق روون و ئاشكرایە بە گوێرەی مادەی (١) ی دەستور، سیستەمی حوكم كۆماریی پەرلەمانی فیدراڵیە. بە پێی مادەی (١١٦) سیستەمی بەڕێوەبەردن لامەركەزییە و پێكهاتووە لە بەغدای پایتەخت و پارێزگاكان و هەرێمەكان.

قەوارەی هەرێمی كوردستان چوارچێوەیەكی دەستورییەو مادەی (١١٧) بڕگەی یەكەمی دەستور رەوایەتی دەستوریی پێداوە و دەڵێت (ئەم دەستورە، لە كاتی جێبەجێبوونیەوە، هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكانی ئێستای وەك هەرێمێكی فیدراڵی بە فەرمی دەناسێت).

ئەم پێشەكییە بۆ روونكردنەوەیەكی راستیەكە، هەرێم قەوارەیەكی دەستوریی شەرعیی دانپیانراوە. بوونی گەندەڵی پاساو نییە بۆ لێسەندنەوەی دەسەڵاتی دەستوریی هەروەكو چۆن بوونی گەندەڵی لە دەسەڵاتی فیدراڵی هۆیەك نییە بۆ رەتكردنەوەی چەتری دەستوریی.

كێشەیەكی جەوهەریی لەدەوڵەتی عێراقدا وەكو عورفێكی نادەستوریی پەیابووە، ئەویش گۆڕینی ئەرك و دەسەڵاتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانە بۆ سەرۆكی وەزیران. بێگومان لە دەستوری عێراقدا بەهیچ شێوەیەك دەستەواژەی سەرۆكی وەزیران لە هیچ مادەیەكی دەستوردا بوونی نییە! بەڵكو سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران هەیە! ئەم دوو دەستەواژەیە بابەتێكی زمانەوانی نییە. بەڵكو جیاوازی ئەرك و دەسەڵاتی پسپۆرییە.  
بە گوێرەی مادەی (٦٦) دەستور دەسەڵاتی جێبەجێكردن دوانیە لە دوو بەش پێكهاتوە، ئەوانیش سەرۆك كۆمار و ئەنجومەنی وەزیران بە گوێرەی دەستور  سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران هەیە و دەبێت بریارەكان بە دەنگدانی زۆرینەو بە كۆمەڵ بن، نەك بڕیاری تاكە كەسی. ئەمەش بۆ رێگەگرتنە لە تاك رەویی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتی دەستوریی و یاسایی. بەڵام بەهۆی سیاسی و قۆناغ بە قۆناغ بە كردوە بە پێچەوانەی ئیرادەی دەستورەوە ماوەی دەیان ساڵە رۆڵی ئەنجومەنی وەزیران لە زۆر بڕیاری گرنگ كەمكراوتەوە هەر لە راسپاردنی پلەباڵاكان و پلەی سەربازیی و هەواڵگریی هەتاوەكو زۆر بابەتی تر.

بۆ روونكردنەوەی زیاتر هەر بە گوێرەی دەستور دامەزراندنی پلە باڵاكانی دەوڵەت بریكاری وەزیر، سەرۆكی دەستەكان، بانكی مەركەزی، هەواڵگری ، دەروازەی سنوریی، فەریقی سەربازی و زۆر پلەی تر، دەبێت لە ئەنجومەنی وەزیران دەنگدانی بۆ بكرێ، پاشان بنێردرێت بۆ پەرلەمان بە دەنگدانی زۆرینە متمانەی پێ بدرێت پاشان سەرۆكی كۆمار مەرسومی كۆماریی بۆ ئیمزا بكات. بەڵام وەكو دەبینین دەسەڵاتەكان زیاتر لە دەستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیراندایە. بە گوێرەی مادەی  (٦١)ی دەستور بڕگەی شەشەم (ب) یەكەم، دەسەڵاتی بە سەرۆكی كۆمار بەخشیوە پێشنیازی لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بۆ پەرلەمان بكات. بەڵام مەرجدارە هەتاوەكو پێشنیازنامەكە پەسەند بكەن دەبێت بە دەنگدانی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان متمانەی لێ وەربگرنەوە و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لاببەن.

بێگومان راستیەك هەیە دەبێت پارێزگاری لێ بكرێت. پابەندبوون بە دەستور و كاركردن لە چوارچێوەی ژیانی دەستوریدا رێگا راستەكەیە. دیالۆگی نیشتمانی لە ژێر چەتری دەستوردا تاكە رێگایە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.