"ئه‌م ماڵه‌ باوانه‌مان تێكمه‌ده‌ن"

د.ئەرسەلان بایز


12 خولەک پێش ئێستا

راچڵەکین 

"ئه‌م ماڵه‌ باوانه‌مان تێكمه‌ده‌ن"

 
ئه‌مه‌ قسه‌ى من نییه‌، به‌ڵام قسه‌ى ناخى منیشه‌. ئه‌مه‌ قسه‌ى مامۆستایه‌كى ئاینى ڕیش سپى نورانى، نیشتیمانپه‌روه‌رى ئه‌ودیوى سنوره‌. كه‌ له‌سه‌ر مافى كورد ناڕه‌حه‌تى و ئازارێكى زۆرى چێشتوه‌. له‌ دوره‌وه‌و له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستانه‌وه‌، له‌ وتارى نوێژى هه‌ینى قسه‌ بۆ نوێژ كه‌ره‌كانى ده‌كات و به‌ حه‌سره‌ته‌وه‌ ده‌ڵێت:
هه‌واڵێكى ناخ پڕوكێنه‌رم بیستوه‌، ناكۆكى نێوان حزبه‌كانى باشورى كوردستان، ململانێى سه‌ركرده‌كان مه‌ترسى خستۆته‌ سه‌ر قه‌واره‌ى هه‌رێمى باشورى كوردستان. من لێره‌وه‌ له‌م مینبه‌ره‌وه‌ هاواریان لێده‌كه‌م. ئه‌م ماڵه‌ باوانه‌مان لێ تێكمه‌ده‌ن. ئه‌م ماڵه‌ هه‌ر ماڵى ئێوه‌ نیه‌ به‌ ته‌نیا، به‌ڵكو ماڵى هه‌مومانه‌، ماڵى هه‌مو كوردێكى سه‌ر ئه‌م گۆى زه‌مینه‌یه‌. قیبله‌ى كوردایه‌تى و نیشتیمانپه‌روه‌رییه‌، په‌ناگاهى هه‌مومانه‌.
ئه‌و ماڵه‌ به‌ ئێسك و پروسك و خوێنى شه‌هیدان و فرمێسكى چاوى دایكانى شه‌هید دروست كراوه‌. بۆیه‌ نابێ بیكه‌نه‌ قوربانى هه‌ندێ به‌رژه‌وه‌ندى و ململانێى حیزبایه‌تى. كارێ مه‌كه‌ن دواتر مێژو له‌ لاپه‌ڕه‌كانى خۆى به‌ خراپه‌ ناوتان تۆمار بكات. به‌ڵكو كارێ بكه‌ن ناوتان به‌ ئاڵتون له‌سه‌ر شاخه‌كانى كوردستان تۆمار بكرێت. تاهه‌تایه‌ به‌ زیندویی بمێننه‌وه‌. ببنه‌ جێى شانازى گه‌له‌كه‌تان.
له‌م مینبه‌ره‌وه‌ هاوارده‌كه‌م. خوا ده‌هێنمه‌ ڕجاتان، خوێنى شه‌هیدان. ئاهو زایه‌ڵه‌ى دایكانى شه‌هید دێنمه‌ ڕجاتان ته‌بایی خۆتان بپارێزن. ڕێكه‌ون دوژمنانمان پێ خۆش مه‌كه‌ن. فێنكایی بخه‌نه‌وه‌ دڵ و ده‌رونى خه‌ڵك. ئه‌م ماڵه‌ باوانه‌ ئه‌م ماڵه‌ى هی هه‌مومانه‌ تێكیمه‌ده‌ن.