تیری بەغداد بۆ پاژنەی هەرێم

نەبەز گۆران


18 خولەک پێش ئێستا

ئەوە هیچ ڕاست نییە، گوایە بەغداد لەشكركێشی دەكاتە سەر هەرێم. بەشێك لە میدیا دەیەوێت بە گوتارێكی ساختە بنچینەی پرسەكانی هەرێم و ناوەند بشێوێنێت. دەزانێت لەشكركێشی پێویستی بە دانیشتنی پەڕلەمانە و دەبێت زۆینە دەنگی لەسەر بدەن، كە ئەو پرسە بۆ ئێستای دۆخی شیعەی عێراق (كە دەسەڵاتدارن.) گونجاو نییە.

ململانێی ناوەند لەگەڵ هەرێم ئابوورییە، دەیەوێت نەوت و غاز و سنوورەكان بخاتە ژێر كۆنترۆڵی خۆی، ئەم خاڵانەش نوێ نین، لە دوای ڕیفراندۆمەوە پێنج خاڵی بنەڕەتی خرایە بەردەم هەرێم، عێراق دۆخی ناوخۆی ڕێگەی نەدا هەموویان جێبەجێ‌ بكات، ئێستا دەیەوێت بیانكات، ئێستاش نەیكات لە داهاتوودا دەیانكات. ئەم كارانەش بە لەشكركێشی ناكات، بە هەماهەنگی و ڕێككەوتن دەیانكات. بەشێك لە دەسەڵاتدارانی هەرێم نیگەرانن لەم داوایانە، گەرچی دەزانن لە كۆتاییدا دەبێت لەناو سیستەمە فیداڵیەكەدا، كە چوونەتە ناوییەوە، دەبێت قبوڵی بكەن نەوت و غاز و سنوورەكان بچنە ناو چاودێری دەسەڵاتی فیدراڵی ناوەندەوە. 

ڕێك چیرۆكەكە لەوە لاوژە_ئەفسانەیەی_ شاری تەروادە دەچێت. كە پاڵەوانەكە دەبێت تیرێك لە پاژنێی پێێی بدەی بۆ ئەوەی ڕایگریت، ئەو تیرەی بەغداد هەڵیگرتووە بۆ پاژنەی پێی هەرێم، ئابوورییە، كە شادەماری حوكومڕانییە. سەرۆك حكومەتی عێراق، كارەكتەرێكی پۆپۆلیستە، وەك بووكەڵەیەك هێنراوە ئەو كارانەی پێدەكرێت كە پێویستە بكرێن. هەندێكجار بیری دەچێت قاچەكانی ئەو لەوە گەورەترن بچنە ناو پێڵاوەكانی سەندرێلاوە، بەڵام بۆ ئەم دۆخەی عێراق بەكارهێنەرێكی باشە. كە تەماشای ناوەند دەكەین و بەراوردی دەیكەن بە هەرێمەوە، لەوە تێدەگەین شیعەكان لە كوردەكان ژیرتربوون، ئەنجومەنێكیان دروستكرد بۆ بڕیارە چارەنووسازەكان، كە زیاتر لە ئەنجومەنێك دەچێت بۆ پاراستنی دەسەڵاتی شیعە لە عێراقدا. لەم ئەنجومەنەدا پۆست و ئاڵوگۆڕی كارەكتەرەكان بۆیان نەبوو بەكێشە، بەڵكو خودی مانەوەی دەسەڵاتی شیعە جەوهەری كارەكەیان بوو، هەرجارەو كارەكتەرێك دەهێنن بۆ ئەوەی ئەركەكە جێبەجێ‌ بكات، ئێستا گەنجێكی بازرگانیان هێناوە، دەبێت لەنێوان ئێران و ئەمریكادا هەردووكیان ڕازی بكات. لەهەمانكاتدا بەكاری دەهێنن بۆ ئەوەی هەرێم هێندەی تر لاواز بكات، نەك موچە و نەوتی سپی و بەنزین، بەڵكو كۆی شادەمارە ئابوورییەكان بخاتەوە ناو سیستەمە فێدڕالییەكە.

كاتێك لەم دیمەنەدا تەماشا هەرێم دەكەیت. خەڵك بە شێوەیەكی گشتی نیگەرانە لە دۆخەكە، هەمووشتێك گران بووە، بەڵام بۆ نەوت و غاز و سنوورەكان بێباكە، چونكە پێی وایە داهاتی ئەو شوێنانە عێراق چاوی تێبڕیوون بۆ خەڵك نییە، بۆ دەسەڵاتدارەكانە. بەشێك لە دەسەڵاتیش لە ڕێگای میدیاوە دەیەوێت بیانكاتە پرسی نیشتیمانی، پێناچێت لەمەدا سەركەوتووبن، چونكە هەمیشە دەنگی تر هەیە ڕاستییەكە بە خەڵك دەڵێت. یانی/ بینینی زۆرینەی خەڵك بۆ ئەم پرسانە پەیوەندی بە ئابوورییەوە هەیە، نائومێد بوون لە دەسەڵاتدارانی هەرێم كە بتوانن چاكی بكەن، وابیردەكەنەوە ڕەنگە ناوەند پرسی موچە، كارەبا، نەوت و بەنزین، چارەسەربكات. 

هەرچۆنێك بێت شەڕەكە شەڕی ئابوورییە. لە سنووری جوگرافیای پارتی دیموكرات گوتاری بەرگریكردن و خۆ بەدەستەوە نەدان لە میدیاكانەوە وەك دروشم بەرزدەكرێتەوە، لە سنووری یەكێتی جۆرێك لە بێدەنگی هەیە، كە لەوە دەچێت باشتر لە دۆخەكەی ئێستای بەغداد تێگەیشتبن و بزانن ڕێككەوتن چارەسەرەكەیە، نەك بەرزكردنەوەی گوتاری و دروشم. چونكە قسەی هێزەكانی دەرەوەش لە كۆتاییدا هەر ئەوە دەبێت، مامەڵەكردن لەگەڵ عێراقی خاوەن نەوت و غاز و سنوورە چاودێریكراوەكان. 

تەماشا دەكەین، بزانین تیرەكەی بەغداد كەی لە كەوانەكە دەردەچێت. بزانین دۆخی ژیانی خەڵك چی بەسەردێت. چونكە پرسی كۆنترۆڵكردنی ئابووری بۆ ناوەندا پرسێكە دەستبەرداری نابێت و دۆخی هەرێمیش هەموومان دەبینین چۆنە.