شاندەكەی هەرێم، كاك بافڵ و كاك نێچیرڤان

نەبەز گۆران


2 کاتژمێر پێش ئێستا

بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیە شاندێكی چوارقۆڵی هەرێمی كوردستان بچێتە بەغداد. لەناو شاندەكەدا دوو كارەكتەری تێدایە، (كاك بافڵ و كاك نێچیرڤان) پەیوەندییەكانیان لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەند، لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی عێراقدا بەهێزە. ئەم پەیوەندیانە كاریگەری دەبێت لەسەر گفتوگۆكانی نێوانیان. چاوەڕوان دەكرێت هەردووكیان وەك سەرۆكی شاندەكە دەربكەون بۆ ئەوەی ڕێككەوتن لەگەڵ ناوەند بكەن. بێگومان بۆ ڕێككەوتن دەچن.

حكومەتە نوێیەكەی عێراق بڕیاری خۆی داوە، دادگای فیدراڵیش پشتگیری كرد. هەرێمی كوردستان هەوڵدەدات ڕێك بكەوێت. بە هەماهەنگی پرسەكان بچنە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە، وەك سەرەتایەك بۆ پیشاندانی نیازپاكی، لە سنووری دەسەڵاتی هەردوو حیزبەكە، چەند دەروازەیەك بە پاسەوانەكانی سنوور داخران. جوڵەی ناردنی نەوت بە شێوەیەكی نایاسایی _قاچاخ_ وەستێنراوە. ئەمە نیشانەیە بۆ ئەوەی هەرێم نایەوێت دۆخەكە ئاڵۆز بێت، كارلەسەر جۆرێك لە ڕێككەوتن دەكات. بەڵام دیار نییە بەغداد لەبەرامبەر ئەوەدا چی بە هەرێم دەدات. قسەیەكی نافەرمی هەیە بۆ خولی ئەم حكومەتە بوددجەی هەرێم بەرزبكرێتەوە بۆ ئاستی سەدا پانزە. هێشتا بۆچونەكە ڕاست نەكراوەتەوە و نافەرمییە. 

شاندەكەی هەرێم هەموو دەسەڵاتەكانی پێداراوە، پێناچێت دژ بەناوەند بوەستنەوە و هەوڵی تێگەیشتن دەدەن. یارمەتی ناوەند دەدەن دەروازە سنوورییەكان و نەوت و غازەكە بە هەماهەنگی بچێتە ناو چوارچێوەی دەسەڵاتی فیداڵییەوە. هەوڵیش دەدەن لەناوخۆی عێراق و دەرەوە پشتگیری بەدەست بهێنن، تاكو بتوانن پرسەكە بەو ئاڕاستەیەدا ڕێككەوتنی لەسەر بكرێت، بۆ هەرێمیش باش بێت. 

سەركردایەتی كورد لە هەرێم لەوە تێگەیشتووە تا كۆتایی هاتنی ئیدارەی سەرۆك ترامپ، نەهێڵێت هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەكی توند ڕووبدات. چونكە ئیدارەیەكی ترسناكە، بڕیارەكان خێران و نوێنەرەكانی جۆرێك تێگەیشتنیان دروستكردووە، ئیش لەسەر ناوەندگەرایی دەكەن. لەناو هزری بەشێك لە عەرەبەكانی عێراقدا ئەو تێگەیشتنە دروستبووە چیرۆكی ڕۆژئاوای كوردستان لە سووریا، لە هەرێمی كوردستانی عێراقیش دووبارە ببێتەوە. ئەم هزرە پێشتر لە بەشێك لە عەرەبەكانی ناو دەسەڵاتدا هەبوو، بەڵام ئێستا ئەمریكایەكان هزرەكەیان بەهێزتر كردووە. پێناچێت لەم قۆناغەدا بتوانن چیرۆكی سووریا دووبارە بكەنەوە، چونكە لەناو دەستووردا هەرێمی كوردستان چەسپیووە، بەڵام هەمیشە چاوەڕێی ئەوە دەكرێت ناوەند كە بەهێزتر بوو، ئاڵوگۆڕ لە دەستووردا بكرێت. دوا دانیشتنی ئەمریكایی و عێراقییەكان لە بەڕیتانیا گومان دەكرێت ئەو سیناریۆیەشیان ئامادە كردبێت، كە لەداهاتوودا دەست بكەن بەو ئاڵوگۆڕە دەستوورییە، ژیرانەترین كاری هەرێم ئەوەیە لەم قۆناغەی سەرۆك ترامپدا كار لەسەر گفتوگۆ و ڕێككەوتن بكات لەگەڵ ناوەند.

ئەوەی ڕوونە حكومەتەكەی ئێستای عێراق چاوی بڕیوەتە كۆنترۆڵكردنی ئابووریی. كێشەكە ئەوەیە مووچەی هەرێمی بەدەستەوەیە، وەك كارتێك هەر وەختێك بیەوێت بەكاری دەهێنێت و دۆخێكی ناسەقامگیر بۆ هەرێم دروست دەكات. چاوەڕوانیش دەكرێت دوای ڕێككەوتنی هەرێم لەگەڵ ناوەند، بۆ داهاتوو كارتی تەوتین بخاتەوە ڕوو. ئێستا بەشێوەیەكی گشتی لە میدیا عەرەبییەكان و میدیاكانی دەرەوە، ئیش لەسەر ئەوە دەكات وێنەی كورد لە باشوور بشێوێنێت و وەك گەلێكی قاچاخچی و پیسخۆر پیشانی بدات. هەڵمەتێكی گەورەی دەستپێكردووە، ناوماڵەكەی خۆی نابینێت چ قاچاخچیەتی و پیسخۆرییەكی تێدایە، بە پڕۆژە ئاڕاستەكەی گۆڕیوە بۆ كورد. كوردیش لەناوخۆدا لەبری ئیشكردن لەسەر عێراقییەكان ئیشی دژی خۆی كردووە. ئەو دیدگایەی كە هەیە، گوایە توركیا و ئێران ئەم دۆخەیان پێباش نییە، پێناچێت ڕاست بێت، چونكە ئەو دوو دەوڵەتە لەستراتیژیاندا ئامادەی هەموو زەرەرێكی ئابوورین بە مەرجێك هەرێمی كوردستان بەو دۆخەوە نەمێنێت و بەردەوام كاری لەسەر دەكەن. 

هەرچۆنێك بێت هەموومان چاوەڕێی شاندەكەی هەرێمین بۆ بەغداد. لە ناویاندا هەردوو كارەكتەرەكە،(كاك بافڵ و كاك نێچیرڤان) بتوانن پەیوەندییەكانی خۆیان بەكاربهێنن بۆ ئەوەی هەرێم لەم قەیرانە ڕزگاربكەن و ئیدارەی ئەم قۆناغەی دۆخەكە بدەن، تاكو بزانین چیرۆكی داهاتووی عێراق بۆ هەرێم كەی دەست پێدەكاتەوە.