قۆناغی دووەم سەرەی پێشمەرگەیە؟

ئەبوبەكر كاروانی


3 کاتژمێر پێش ئێستا

لەڕابردوودا، چەندین جار لەسەر پرسی پێشمەرگە، ناڕوونیی داهاتووی ئەم هێزە، خاوخلیچكی و نەچوون بە دەم بانگەوازی چارەنووسسازی وڵاتانی خۆرئاوا بۆ یەكگرتنەوە و بەنیشتمانیكردنی ئەم هێزە، نووسیومە و قسەم كردووە. ئێستاش ئاماژەكان ئەوەمان پێدەڵێن، كە ئاسایی و چاوەڕوانكراوە، ئامانجی دواتری پرۆسەی بەناوەندكردنەوەی دەسەڵات لەعێراقدا، فشار دروستكردن بێت بۆسەر ئەم هێزە.

 هەڵەیە ئەگەر وا بزانین پێشمەرگە، بەو شێوە و ژمارە و دۆخەی ئێستایەوە، گرەنتیی دەستووریی هەیە، چونكە لە دەستووردا تەنها ئاماژە بەوە كراوە هێزێك بەناوی پاسەوانی هەرێم بوونی هەیە، بەبێ ئاماژەكردن بۆ، ڕۆڵ و ژمارە و قەبارە و جۆری چەك و سروشتی پەیوەندیی ئەم هێزە لەگەڵ سوپا و هێزە چەكدارەكانی عێراق.

هەر بۆیە، ئەگەر ڕووداوە دراماتیكییەكانی ناوچەكە پرسەكە هەندێك دوا نەخەن، یاخود ڕەوتی ڕووداوەكان  دۆخەكە بە ئاراستەیەكی تردا نەبەن، پرۆسەی بەناوەندیكردنەوەی دەسەڵات لە عێراقدا لەقۆناغی داهاتوودا، لێدان لە ڕەمزەكانی سەربەخۆیی و سەروەریی هەرێم، لەوانەش هێزی پێشمەرگە دەگرێتەوە، هەوڵدەدرێت ئەم هێزە ملكەچی دووبارە پێناسەكردنەوەی یاسایی و دامەزراوەیی و ڕێكخستنەوە بكرێتەوە، بەجۆرێك، لەگەڵ ئەو عێراقە نوێیەدا كۆك بێت كە ئێستا كاری بۆ دەكرێت؟

ڕوونە ئەم هەواڵە سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتییەكان لەسۆنگەی ئەزموونی تاڵی ڕابردوو لەگەڵ سووپای عێراق و خەونە بەدینەهاتووەكان بۆ زۆرینەی گەلی كوردستان دڵخۆشكەر نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕوانكراوە. مامەڵەی دوو حیزبەكەش لەگەڵ ئەم هێزە لە قۆناغی ڕابردوودا و نەبوونی هیچ خوێندنەوەیەكی دووربینانە بۆ ئایندەی، بەداخەوە ڕێگەی بۆ ئەم كارە و زۆر شتی تریش خۆش كردووە؟
دەزانم لێرەدا بوار هەیە زۆر دروشم و قسەی گەرم دەربارەی ئەم هێزە بكرێن، بەڵام بەداخەوە زۆر سوودیان نییە؛ چونكە گۆڕانكارییان و لەدەستدانی دەرفەت لە ڕابردوودا، تا ڕادەیەكی زۆر، بەكارهێنانی ئەم هێزەیان وەك ئامرازێكی ستراتیژیی ململانێ، لە چوارچێوەی پێدراوەكانی ئێستادا، بەدەستی كوردەوە سنووردار كردووە.

لەكۆتاییدا پرسیارەكە ئەوەیە: داخۆ ئەوانەی تا دوێنێ نەیانتوانی لە ڕێگەی یەكگرتنەوە و دووبارە ڕێكخستنەوەیەكی قووڵ و ڕاستەقینەی ئەم هێزە لەكاتی خۆیدا، گرەنتیی وپشتیوانیەكی زۆرتری دەرەكی وناوخۆیی بۆ  پەیدا بكەن، لە ئێستادا دەتوانن ڕێگە لەم سیناریۆ چاوەڕوانكراوە بگرن؟