گرانی بازاڕ و رەمەزان

سەركۆ یونس*


23/03/2023

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا، هەموو جیهان شایەتی بەرزبوونەوەی ئاستی گشتی نرخەكان بوون، لەئەنجامی كاردانەوەكانی شەڕی ڕووسیا و ئۆكرانیا و بارودۆخی كەشوهەوا. لەهەمانكاتدا دەرئەنجامی بەرزبونەوەی نرخی پیشەسازی و ووزە وگواستنەوە بۆ بەرزترین ئاست. گەورەبوونی قەبارەی نەختینەیی لەبازاڕەكاندا بەهای دراوەكان بەرەو دابەزین چوون و هێزی شتكڕینی دراوەكان كەمبووەتەوە.

ڕێژەی هەڵاوسان لە عێراقدا، لەماوەی ساڵی ڕابردوی 2022دا بەرزبووەتەوە و لەئێستادا هەڵاوسان بە ڕێژەی 8% زیادی كردووە، ئەمەش بەهۆی كاردانەوەی ئەو نرخەی ئاڵوگۆڕی دینار  بەرامبەر بەدۆلار، كە لە ماوەی 3 ساڵی ڕابردودا سێ جار دەستكاری كراو گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، دوبارە دەستكاریكردنی بەهای دینار بەرامبەر بەدۆلار، جارێكی تر ناسەقامگیری لەمامەڵە بازرگانییەكاندا دروستكردووە، سەرەڕای هەوڵەكانی بانكی ناوەندی و حكومەتی عێراقی، هێشتا جیاوازییەكی گەورە هەیە لەنێوان نرخی فەرمی لەلای بانكی ناوەندی و نرخی بازاڕ كەنزیك دەبێتەوە بۆ 20-25%. ئەمەش ڕەنگدانەوەی خراپی دەبێت لەسەر ئاستی گشتی نرخەكان ومووچەخۆران و هاوڵاتیانی عێراق باجی ئەم بەرزبونەوەیە دەدەن.

لەلایەكی ترەوە حكومەت و بانكی ناوەندی بۆ كەمكردنەوەی هەڵاوسان، پاڵپشتێكی گەورە دەكەن، لەوانە پاڵپشتیكردنی بەرهەمی ناوخۆیی و پاراستنی بەهای دراوی نیشتمانی و بەشەخۆراكی هاوردەكردن (كۆبونی خۆراك).

ئەم ڕێوشوێنانە هاوكارو یارمەتیدەر دەبن بۆ گەیشتن بە دۆخی سەقامگیری لە هەڵاوساندا، بەتایبەت ئەو مادە خۆراكییانەی لەڕێگای كۆبۆنەوە دابەشدەكرێت. بەڵام لەبەرئەوەی عێراق، بەڕێژەی 90% پشت بەهاوردەكردن دەبەستێت بۆ پڕكردنەوەی پێویستییەكانی كۆمەڵگا، ئەوا هەڵاوسانەكە بەردەوام دەبێت، چونكە چارەسەرەكان لەدەرەوەی دەستەڵاتی حكومەتدایە.

كۆمەڵگای عێراقی، لەبارودۆخێكدا دەچنە ناو مانگی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، كە گرانی و بەرزی نرخی سەبەتەكانی خۆراك و خواردەمەنی و میوە و گۆشتی سپی و سوور لەبەرزترین ئاستی نرخەكانیاندان، ڕاستە عێراق خاوەنی قەبارەیەكی گەورەیە لەدۆلار و كێشەی سیولەی نەماوە، بەڵام بەرهەمی ناوخۆیی كەمەو لەئاست خواستی 40 ملیۆن دانیشتوانەكەیدا نییە، ناچار دەتوانین بڵێن سەرجەم پێداویستییەكان لەدەرەوە دابین دەكرێت، نرخی هاوردەكراوەكانیش بەبەرزی دێتە ناو بازاڕەكانی عێراقەوە، بێ گومان هەرێمیش وەك بەشێك لەعێراق، هەمان كێشەو ئاریشەی هەیە و بەهۆی دواكەوتنی مووچەو نەبوونی بەشە بودجەی وەبەرهێنان بارگرانییەكە گەورەترو كاریگەرتر دەبێت.

لەتایبەتمەندییەكانی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان كەخۆی دەبینێتەوە لەخواستی زۆرو بەكاربردنی گەورە لەسەرجەم پێداویستییەكان بەگشتی و خۆراك و خواردەمەنی بەتایبەتی. بازاڕ لەم مانگە پیرۆزەدا گەرمە و جمەی دێت، چونكە ئارەزووی بەكاربردنی هاوڵاتیان زۆرە، هەربۆیە پێویست دەكات لەسەر لایەنە پەیوەندیدارەكانی چاودێری بازرگانی و لیژنەكانی قائمقامیەتەكان بەووردی و بەئاگاییەوە كارەكانیان ئەنجام بدەن، چونكە لەم كاتەدا بەداخەوە بەشێك لەبازرگانان و فرۆشیاران ئەم دەرفەتە دەقۆزنەوە بۆ ساغكردنەوەی خۆراك و خواردەمەنییەبەسەرچووەكانیان، باجی ئەم كارەش هاوڵاتیان دەیدەن، لەهەمانكاتدا چەندین دەرئەنجامی خراپی ئابوری و تەندروستی و كۆمەڵایەتی لێ دەكەوێتەوە.

زۆر گرنگە، هەر شوێن و جێگاو فرۆشیارێك، سەرپێچی ڕێنمیاییەكان و گرانفرۆشی و خۆراك و خواردەمەنی ماوەبەسەرچوو ئەنجام دەدات، ئاشكرا بكرێت و لەهۆكارەكانی ڕاگەیاندنەكانەوە بڵاوبكرێتەوە، بۆئەوەی لەلای هاونیشتمانیان بناسرێنەوە و ببنە وانەیەك بۆ كەسانی تر.

زۆر گرنگە كڕیار لەم مانگەدا زیاتر چاوكراوە و هۆشیارتر بێت لەكاتی كڕینی پێداویستیەكانی ڕۆژانەیدا، بەتایبەت لەڕووی ماوەی بەكاربردنی كاڵاكان و جۆرو كواڵیتی مادەخۆراكیەكان، هەروەها زیاد لەپێویست نەكرێت، چونكە لەلایەك نرخ بەرزدەكاتەوە و لەلایەك ڕێژەی بەفیڕۆدان و پاشماوە زیاتر دەكات.

بەئومێدی ئەوەی ئەم مانگە پیرۆزە، بەئارامی و بەخۆشی تێپەڕبكات و هەموولایەك سوودمەند بن لەمامەڵەو سەوداكاری بازاڕ.
*ئابوریناس