راچڵەكین-
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سوریا دەڵێت، هێزە ئەمنییەكانی سەر بەحكومەتی ئەو وڵاتە ئامادەكاری دەكەن بۆ دووبارە چوونەوە ناو شاری سوەیدا-ی زۆرینە دروزی.
بەگوێرەی زانیارییەكان، لەگەڵ راگەیاندنەكەی وەزارەتی ناوخۆی سوریا، لەئێستادا چەكدارە دەشتەكییەكان ئامادەكاری دەكەن بەزەبری هێز بچنەوە ناو سوەیدا و لەدەوروبەری ئەو شارە شەڕێكی سەخت لەنێوان ئەو چەكدارانەو دروزەكانەوە هەڵایساوە.
هاوكات سەرچاوەیەك لە هێزە دەشتەكییەكانی سوریا رایگەیاندووە، نزیكەی 41 هۆز بەشدارن لەو شەڕەداو دەیان هەزار چەكداری تر بەرێكەوتوون بەرەو سوەیدا .
لەلایەكی ترەوە سەرۆكایەتی سوریا چەكدارانی دروزی تۆمەتباركردووە بە پێشێلكردنی ئاگربەست و ئەنجامدانی تاوانی قێزەون كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ هەرەشەیە بۆسەر ئاشتەوایی.
لەلایەن خۆشییەوە شێخ حیكمەت هجری، رێبەری رۆحی هۆزی موەحەدین-ی دروز جەختی لەوەكردووە، سەرباری ئەو دەستدرێژیانەی كراونەتە سەر ئەندامانی دروز، دەستی لێبوردەیی درێژ دەكەن:" چارەسەری كێشەكان بە دانایی دەبێت نەك بە هەڵگرتنی چەك."