چهند نیشانهیهك ئاماژهیه بۆ ئهوهی منداڵ دهستدرێژی سێكسی كراوهته سهر
ڕاچڵهكین-
پیدۆفیلیا یاخود دەستدرێژکردنی سێکسی بۆ سەر منداڵ یەکێکە لە ھەرە ترسناکترین کێشە تەندروستی و ئەخلاقیەکانی کەھەڕەشە لە کۆمەڵگای نوێی و مۆدێرن دەکات، وەکاریگەریەکی ڕووخێنەری ھەیە لەسەر منداڵ، لە ڕووی دەروونی و ھەم فسێۆلۆژی ، کاریگەریەکەشی درێژخایەن دەبێت لەسەر ژیانی منداڵ لهم بابهتهدا دكتۆره ههڤین وردهكاری لهسهر ئهم حاڵهته ڕوون دهكاتهوه.
کێشەی سەرەکی ئەم حاڵەتە تۆقێنەرە ئەوەیە کەیەکێکە لەو دیاردانەی باسکردنی بڤەیە لە کۆمەڵگادا و ھەمیشە کە باسێکی لەو شێوەیە دێتە پێش ھەموو بێدەنگ دەبن لە ئاستی زۆربەی جار ھۆکارەکەی ئەوەیە کە منداڵە قوربانیەکە باسی ناکات بۆ کەسوکاری ئیتر ئایە لەترسا بێت یاخود لەنەزانییەوە، ھەندێک جاریش ئەگەر کەسوکارەکە بشزانن کە شتێکی وا ڕوویداوە لەبەر عەیبە و نەریت و کلتوور باسی ناکەن .
بە پێی توێژینەوەیەکی جیھانی کە تازە بڵاوکراوەتەوە، ( منداڵێک لە ھەر چوار منداڵی کچ دا ئەگەری دەستدرێژی سێکسی ھەیە بۆ سەری، وەئەمەش بۆ منداڵی کوڕ بەھەمان شێوەیە بەڵام ڕێژەکە کەمترە، کەبریتییە لە منداڵێک لە ھەر شەش منداڵی کوڕدا )، ھەر ئەم ڕێژانەش وایلێدەکات لەحاڵەتەوە ببێت بە دیاردە یاخود پەتایەکی بێدەنگ (silent epidemic) ی ترسناک .
توێژینەوەیەکی دیكه لەسەر ئەم بابەتە دەڵێت ڕێژەی لە ٤٠٪ لە دەستدرێژکەرە سێکسیەکان یاخود پیدۆفیلەکان لە ئەندامی خێزانی منداڵە قوربانیەکەن، یاخود لەبازنەی نزیکی قوربانیەکەن . ھەروەھا بە ڕێژەی لە ٤٠٪ ی تر دەستدرێژکەر منداڵی لە قوربانیەکە گەورەترن ھەم لە تەمەن و ھەم لە ڕووی جەستەوە و لەوانەیە ھاوڕێیان بن، کەزۆر جار لەم حاڵەتەدا دەستدرێژی جەستەیی و سێکسی لەگەڵ یەکدا دەبن .
لەم دواییەدا زۆر توێژینەوە کراوە لەسەر ئەوەی ئایا بۆ دەستدرێژیکردنی سێکسی بۆ سەر منداڵ ڕوو لە زیادبوونە لەگەڵ ھەموو ئەو ھۆشیاری و باسکردن و توێژینەوانەی دەکرێت لەسەر ئەم بابەتە لە ھەموو جیھاندا ؟
بەکورتی چەند ھۆکارێکی گرنگ ھەیە، یەکێک لەوانە: منداڵەکە لەوانەیە ئەو ھەستەی ھەبێت کە باوانی باوەڕی پێنەکەن ، چونکو بێنراوە لە ٣٠٪ لەباوان بڕوا بە منداڵەکانیان ناکەن لەبارەی دەستدرێژی سێکسیەوە، بەڵکو واتێدەگەن ھەڵە تێگەشتنی منداڵەکەیە.
بۆ ئەو منداڵانەی کەتەمەنیان گەورەترە و لە سەرەتایی ھەرزەکاریدان و تێدەگەن کەچی ڕوودەدات لەگەڵیاندا، ھەندێک لەوانە ھەست بە ئازاری ویژدان دەکەن و لەوانەیە خەتاکە بگەڕێنەوە بۆ خۆیان و ئەو ھەستەیان لا دروست دەبێت کە دیارە شتێکی ھەڵەیان کردووە بۆیە ئەو شتە ڕوویداوە ! کەئەمەش ئەو ھەرزەکارە دەخاتە بارێکی دەروونی خراپ و ناھەموارەوە ،ھەستی شەرم و خۆبەکەم زانینی لا دروست دەکات بەتایبەتی لە کۆمەڵگا محافز و داخراوەکاندا .
ھەندێک جار دەستدرێژکەرەکە ئەو ھەستی خۆبەکەم زانین و ئازاری ویژدان دەچێنێت لە دەروونی قوربانیەکەدا، کەئەمیش حاڵەتێکی زۆر ترسناکەو ھەندێک جار وا لە قوربانیەکە دەکات پەنا بەرێت بۆ خۆکوشتن .
ھەندێکی تر لەو قوربانیانە باسی ناکەن لەبەرئەوەی دەزانن ئەگەر خێزانەکانیان باوەڕیشیان پێبکەن دەرئەنجام و ئاکامەکەی ھەم لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە وھەم لە ڕووی دەروونیەوە باش نابێت، بەتایبەت ئەگەر دەستدرێژکەرەکە ئەندامێکی خێزانەکە بێت یاخود کەسێکی نزیک کە کارەساتەکە دەکات بە دووھێندە و شورەیی و حەیا چوون دەھێنێت بۆ ھەموو خێزانەکە .
بۆ ئەوەی زیاتر ھۆشیار بین لەسەر ئەم بابەتە، پێویستە ھەندێک زانیاری ھەیە بیزانین لەبارەی ئەو نیشانە دەروونی و جەستەییانەی دەردەکەون لەسەر ئەو مناڵانەی تووشی ئەم حاڵەتە دەبن، ڕابیتەی نەتەوەیی بەریتانی بۆ یارمەتی ئەو کەسانەی تووشی دەستدرێژیکردن بوون لە منداڵیدا (NAPAC)، بەرچاو ڕوونیمان دەداتێ لەسەر ئەو نیشانانەی لە ھەڵسووکەوتی منداڵەکەدا دەردەکەوێت، کە گرنگترینیان ئەمانەن لە لایەنی سایکۆلۆژی و دەروونیەوە :
1- منداڵەکە لەماڵەوە بەتەنیا دەمێنێتەوەو حەز بە تەنیایی دەکات ، وھەوڵ دەدات دوور کەوێتەوە لە یەکێک لەئەندامانی خێزانەکە یاخود ھاوڕێی خێزانەکە یاخود مامۆستایەک بە تایبەتی، یاخود لە کەسێکی دیاریکراو دەترسێت و خۆی لادەدات لە مامەڵەکردن لە گەڵیدا .
2- لەوانەیە منداڵەکە ھەندێک ھەڵسووکەوتی سەیر ئەنجامبدات ، کەھەندێک ئیحائی سێکسی تیا بێت یاخود ووشەی سێکسی نەشیاو بەکاربێنێت لە کاتی گفتوگۆ و قسەکردندا کەپەیوەندی ھەبێت بە مومارەسەی سێکسەوە، یاخود ھەندێک زانیاری سێکسی دەزانێت کە گونجاو نیە لەگەڵ تەمەنەکەی و عەقڵی دا .
3-کاتێک منداڵەکەت باس لەوە دەکات کە کەسێک بەشێوەیەک دەستی بردووە بۆ شوێنە ھەستیارەکانی، یاخود خۆیی بەشێوەیەکی نەگونجاو دەست دەبات بۆ شوێنی ھەستیاری دەوروبەری .
4-کاتێک منداڵەکە بە بەردەوامی خەمۆکەو ھەست بە پشێوی دەروونی و قەلەقی دەکات بێ ھۆکارێکی دیاریکراو، و ھەمیشە باسی خۆبەکەم زانین دەکات .
5-ھەندێک گۆڕان لە خوەکان و نەریتەکانی بۆ نموونە لە عادەتی خۆشتن و پاکوتەمیزی دا، ئەو منداڵانەی تەمەنیان کەمە نایەنەوێت خایان بشۆن، ئەو منداڵانەی تەمەنیان گەورەترە بە بەردەوامی دەیانەوێت خۆیان بشۆن وەکو جێگرەوەیەک بۆ ئەو پیسییەی لە ناخیاندا ھەستی پێدەکەن و دەیانەوێت پاک بنەوە لێی، کەئەمەش ئیحراجیان بۆ دروست دەکات لەنێۆ خێزانەکانیاندا .
ھەندێک نیشانەش ھەیە کەلەسەر جەستەی منداڵەکە دەردەکەوێت لە وانەش :
1- ئاوسان و ھەوکردن لەشوێنە ھەستیارەکانی وەکو کۆئەندامی زاوزێ و دەم .
2- بوونی ھەندێک دەردراو زەرداوی نائاسایی لە ئەندامە ھەستیارەکانی منداڵەکەدا .
3-تووش بوون بە ھەندێک جۆری نەخۆشی سێکسی و بالوکە و سووربوونەوە لە دەوری ئەندامە ھەستیارەکانی منداڵەکە کە تەنیا بە ڕێگەی سێکسەوە دەگوێزرێتەوە .
4-ھەندێک جار دروستبوونی دووگیانی و حەمل لە منداڵی کچ دا .
5- دروستبوونی ھەندێک شینبوونەوەو سوربوونەوە لە ئەنجامی ڕاکێشان و عەزێت دانی منداڵەکە بۆ ئەنجامدانی سێکس بێ ویستی خۆی .
6-بوونی خوێن یاخود سیمین (سپێرمی پیاو ) بە جلی ژێرەوەی منداڵەکەوە .
7- بوونی ئازار بەبێ ھۆکارێکی دیاریکراو لە ئەندامی زاوزێی منداڵەکەدا، یاخود ئاوسان و شینبوونەوەو خوێن بەربوون، کەلەوانەیە بەھۆی پێکانی ئەو ناوچانەوە ئازاری بۆ دروست بێت لە کاتی ڕۆشتن و جوڵانەوەدا .
8- تێکچوونی باری تەندروستی منداڵەکە وەکو سوتانەوەو کزانەوە و خوران لەناوئەندامەکانی زاوزێی منداڵەکە، توشبوون بە ئیلتیھابی بەردەوامی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ .
9- گۆڕان لەباری دەروونی منداڵەکەو پەیداکردنی ھەندێک خوو کە نیشانەیە بۆ پشێوی دەروونی منداڵەکە وەکو : پەنجە مژینی زۆر ، نینۆک خواردن ، میزکردن بەخۆیاندا بە تایبەتی کاتی شەو .
ئەو کاریگەرە دەروونیانە چین کەلەسەر منداڵێک دروست دەبێت کە دەستدرێژی سێکسی یان گێچەڵی سێکسی بۆ سەربکرێت؟
ئەو منداڵانەی تووشی دەستدرێژی سێکسی دەبن لەڕووی دەروونیەوە ناجێگر دەبن و کاریگەری دەمێنێت لەسەریان ھەتا تەمەنی لاوی و پیریشیان، گرنگترین کاریگەریە دەروونیەکانیش ئەمانەن :
1- کاریگەری سۆزداری و پشێوی ھەستەکان لەلای ئەو منداڵانە، دەبنە قوربانی توڕەبوون و قەلەقی و غەم و خۆبەکەم زانین .
2- تووشی ھەندێک حاڵەتی دەروونی دەبن، وەکو خەمۆکی، تێکچوونی ئارەزووی خۆراک کە لەوانەیە ببێتە ھۆی قەڵەوی یاخود بە پێچەوانەوە . توشبوون بە جۆرێک لە گرژ بوونی باری دەروونی کەپێی دەگوترێت (PTSD) کەلەدوای شۆکێک یاخود کارەساتێکی ناخۆش توش دەبن و حەز دەکەن ئازار بە جەستەی خۆیان بگەیەنن .
3-کەم خەوی و بیرکردنەوەی ناخۆش و کابوس لەئەنجامی ئەو یادەوەرییە ناخۆش و تاڵانەی بۆیی دروست بووە .
4- تێکچوونی پەیوەندی نێوان دایک و باوک و منداڵەکە، کەبەڕێگایەکی نەرێنی کاردەکاتە سەر پەیوەندیەکەیان .
5-دروستبوونی کێشە لەخوێندن و گیروگرفتی دڕەنگ تێگەشتن ، وکەمبۆونەوەی نمرەو تێکچوونی پەیوەندی لەگەڵ مامۆستا و قوتابیەکاندا .
6- لەوانەیە ئەمجۆرە منداڵانە ببن بەخاوەنی سروشتێکی توند و توڕە لە کۆمەڵگادا و دوور نیە لە دواڕۆژدا ببن بە تاوانبار و کەسانی ئالوودەی ماددەی ھۆشبەر و پیاوکوژ .
7-ئەو ھەرزەکار و منداڵانەی تووشی دەستدرێژی سێکسی بوون، ئەگەری خۆکوشتن و کۆتایھێنانیان بەژیانی خۆیان ھەیە بە ڕێژەی (٧-١٣) جار زیاتر لە خەڵکانی ئاسایی .
کاتێک دەزانیت منداڵەکەت ئەگەری دەستدرێژی سێکسی ھەبووە بۆ سەری ، چیبکەیت باشە؟
1-پێش ھەمووشتێک دەبێت دڵنیابیتەوە لەو ئەگەرە، ئەویش بە بردنی منداڵەکەت بە زووترین کات بۆ لای پزیشکی پسپۆڕ و پشکنینی ئەندامە ھەستیارەکانی .
2- دوای دڵنیابوونەوە، پێویستە ڕای پزیشکی دەروونی و توێژەری کۆمەڵایەتی وەربگریت، بۆ چارەسەرکردنی منداڵەکەت لە ڕووی دەڕوونی و سایکۆلۆژیەوە .
3- بەزووترین کات ئاگاداری پۆلیس و لایەنی پەیوەندیدار بکە و شکات لە دەستدرێژکەرەکە بکە ئەگەر نزیکترین ئەندامی خێزانەکەشت بێت، چونکە بە شاردنەوەی ئەو زانیارییانە ڕێگە دەدەیت مرۆڤێکی دەروون نەخۆش قوربانیەکانی زیاد بکات لەنێو کۆمەڵگا دا، و ھەم بەشداری دەکەیت لە تاوانێک دژ بە منداڵان و ھەرزەکاران و دواڕۆژی کەسێک بۆ ھەتا ھەتایە .
لەچ خێزانێک دا ئەگەری ئەم دەستدرێژیانە زیاد دەکات؟
1- ژیان لەماڵێکدا کە باوانەکە بەجیا دەژین و لێک جیابوونەتەوە، یاخود ژیان لەگەڵ باپیر و داپیرەیەکی پیردا کە ڕێخۆشکەرە بۆ ئیستغلالکردنی منداڵەکە لەلایەن کەسانی دەرەکییەوەو بوونی شەڕ و ئاژاوەی خێزانی .
2- ژیان لە گوند و ناوچە دوورەکان و خێزانە کەم دەرامەتەکان .
3-مانەوە بە تەنیا بۆ ماوەیەکی زۆر ، بە تایبەتی لە و شوێنانەی کە کەسی بە دەسەڵاتی تیادایە و بەئاسانی کۆنتڕۆڵی منداڵەکە دەکات ، وەکو مامۆستا ، مەلای مزگەوتەکان ، حاخام و کاھنەکان لەکەنیسەکان ، ڕاھێنەری وەرزشی و دادە و بەخێوکەرەکان لە ماڵەوە .
4-بوونی ھاوڕێی بۆ منداڵەکە کەجیاوازی تەمەنیان زۆر بێت و کۆنتڕۆڵکەر بن .
5- منداڵە کەمئەندام و بیرکوڵەکان بەتایبەتی کچان، بە ڕێژەیەکی زۆرتر دووچاری ئەم دەستدرێژیە دەبن . لەوانەیە لەنێو منداڵان خۆیاندا ڕووبدات کە یەک تەمەن بن و لەنێوان ھەردوو ڕەگەزەکە و لەھەمان ڕەگەزیشدا .
لەڕاستیدا ئەم بابەتە زۆر گرنگ و زۆر ھەستیاریشە، ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لەبارەوەی ئەرکی سەرشانی ھەموومانە. توێژینەوەیەک دەڵێت کۆمەڵگا ڕۆڵێکی گەورەیی ھەیە لە بەشداریکردنی زیادکردنی ڕێژەی ئەم جۆرە دەستدرێژیانە، ئەویش بەو پەردەپۆش کردن و شاردنەوەی ڕووە ڕاستەقینەکەی ئەم دیاردەیە لەبەر عەیبە و شورەیی و نەریت و کلتوور . ھەروەھا وادەرخستنی ئەوەی کە ئەمانە تەنیا چەند حاڵەتێکی کەمن لەناو کۆمەڵگادا، و ھێشتا نەبوون بە دیاردە بەمەرجێک ڕاستیەکە وانیە و پیدۆفیلیا لە کۆمەڵگای مۆدێرنەدا خەریکە لەحاڵەتەوە ببێت بە دیاردە .
باوانەکان دەبێت کراوەو بەجەرگ بن و بتوانن دان بە ڕاستیەکاندا بنێن و بە ئازادی قسە لەگەڵ منداڵ و ھەرزەکارەکانیاندا بکەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش بە ڕاستگۆیی و بێترس کێشەکانی خۆیانیان بۆ باس بکەن و ناچار نەبن پەنا بۆ کەسی دەرەکی ببەن بۆ چارەکردنی کێشەکانیان . پێویستە یاسایەک ھەبێت لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو جۆرە کەسانە بکات کە دەستدرێژی دەکەنە سەر منداڵان، و ھەندێک جار لەوانەیە پێویستیان بە چارەسەری دەروونیش ھەبێت کە ئەمەش یارمەتی کەمکردنەوەی ڕێژەی ئەم تاوانە دەدات لە کۆمەڵگادا .
پێویستە ھۆشیاری لەسەر ئەم بابەتە لە قوتابخانە و شوێنە ئاینیەکان و یانە وەرزشیەکاندا بە تاکەکانی کۆمەڵگا بوترێت و خولی تایبەت بکرێتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری سێکسی و تەندروستی و جەخت کردنەوە لەسەر سەلامەتی دەروونی و جەستەیی تاکی کۆمەڵگاکەمان .