تۆمەتبارێكی رادەستكردنی موسڵ بە تیرۆریستانی داعش ئازادكرا

عێراق

4 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 223

راچڵەكین

وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئازادكردنی فەرماندەی پێشووی ئۆپراسیۆنەكانی نەینەوای راگەیاند، كە بە تۆمەتی رادەستكردنی موسڵ بە تیرۆریستانی داعش زیندانی كرابوو.

وەزارەتەكە لە راگەیاندراوێكدا هۆكاری ئازادكردنی فەریق روكن مەهدی ئەلغەڕاوی ئاشكراكردووە، كە دوای دوو ساڵ مانەوەی لە زیندان، بە كەفالەت ئازادكراوە.

وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاماژەی بەوەكردووە كە دادگاییكردنی ئەو كەسانەی لە رادەستكردنی موسڵ بە تیرۆریستانی داعش تێوەگلاون، لە دەسەڵاتی دادگاكانی هێزی ئاسایشی ناوخۆیی نییە، هەربۆیە ئەو فەرماندە تۆمەتبارە داوای كردووە بە كەفالەت ئازاد بكرێت، بۆئەوەی تۆمەتەكانی سەرین لەلایەن دادگایەكی مەدەنییەوە یەكلایی بكرێتەوەو بڕیاری كۆتایی لەبارەوە بدرێت.
  
فەریق روكن مەهدی ئەلغەڕاوی، كە لەساڵی 2014 و لەكاتی داگیركردنی موسڵ و ناوچەكانی دەوروبەری لەلایەن داعشەوە، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای نەینەوا بوو، لەدوای رووداوەكەش، لەگەڵ چەند فەرماندەیەكی دیكە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچوو بەتۆمەتی تێوەگلان لە رادەستی ناوچەكە بە گروپی تیرۆریستی داعش.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن