لەوێ مەمرە.. جانی جانان..لەوێ مەمرە!

ڕاپۆرت

04/08/2020     ژمارەی بینراو 949

راچڵەكین-

ئەمڕۆ حەوت ساڵ بەسەر مەرگی شێركۆ بێكەس-ی شاعیرو نووسەردا تێدەپەڕێت، شێركۆ یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی سەردەمی شیعری نوێی كوردی و ھونەری كوردی بە زمانی شیعری نوێ ناساند. شیعری شێركۆ زۆرجار باسی لە نیشتمانپەروەری و خۆشەویستی ئاو و خاك كردووە.

شێركۆ بێكەس ڕۆژی ٢ی مەیی ساڵی ١٩٤٠ لە گەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایكبووە. شێركۆ یەكەمین شیعری خۆی لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا بڵاوكردەوە. ساڵی ١٩٦٨ یەكەمین پەرتووكی شیعری خۆی بە ناوی «تریفەی ھەڵبەست» لە (بەغدا) لە چاپ دا. لە ساڵی ١٩٧٠ لەگەڵ كۆمەڵێك لە شاعیرانی بەناوبانگی ئەو سەردەمە بانگەوازێكیان بۆ گۆڕانكاری لە شیعری كوردی و بە تایبەت چوون بە لای شیعری نوێی كوردییەوە بڵاو كردەوە.

شێركۆ بێكەس لە ساڵی 1965 لە ئێزگەی گەلی كوردستان كاریكردووە و لە ساڵی 1986 پەیوەندی كردووە بە ڕیزەكانی پێشمەرگەوە، بەهۆی خەبات و كوردایەتییەوە لە لایەن بەعسەوە  ناچاركراوە وڵات جێبهێڵێت و بەرەو وڵاتی سوید رۆشتووە.

لەساڵەكانی ١٩٨٧-١٩٩٢ لە سوید ژیاوەو پاشان گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان، شێركۆ بێكەس بە یەكێك لە شاعیرە نوێخوازەكانی‌ هاوچەرخی‌ كورد دادەنرێت و خاوەنی‌ چەندین نامیلكە‌و دیوانی‌ شیعرییەو زۆرێك لە شیعرەكانی بۆ چەندین زمانی زیندوی جیهانی وەرگێڕدراون‌، ساڵی ١٩٨٧ لە‌ سوید "خە‌ڵاتی تۆخۆڵسكی" وە‌ردە‌گرێت. خە‌ڵاتە‌كە‌ی لە‌لایە‌ن سە‌رۆك  وە‌زیرانی ئە‌و دە‌می سوید ئیگڤار كالرسۆنە‌وە‌ پێشكە‌ش كرا.

لەساڵی ١٩٩٢ لەیەكەم كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەبێتە وەزیری رۆشنبیری حكومەتی هەرێمی كوردستان (بەڵام بەهۆی ناڕەزایی لە بەڕێوەچوونی كاروباری وەزارەتەكەی تەنها ساڵێك لە پۆستەكەیدا مایەوەو دەستی لە كاركێشایەوە). لەساڵی ١٩٩٨ بە یارمەتی كۆمەڵێ كەس و هاوڕێكانی "دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم"ی دامەزراند؛ لەساڵی ٢٠٠٩ تەواوی بەرهەمەكانی لە هەشت هەزار پەڕە لە چاپ دا.

ساڵی ١٩٨٨ لە وڵاتی سوید خەڵاتی «تۆخۆڵسكی» پێ بەخشرا و شیعرەكانی بە زۆر زمانی دنیا وەرگێڕدا. لە ساڵی ١٩٩٨ەوە ھەتا كۆتایی ژیان، ئەندامی ئەنتەلۆجیای خوێندنی پۆلەكانی ئامریكا و كەنەدا بوو. 

شێركۆ بێكەس خاوەنی زیاتر لە (30) كتێبی شیعرییە، بەشێك لە شیعرەكانی وەرگێڕاون بۆ زمانەكانی "عەرەبی‌و توركی‌و فارسی‌و ئینگلیزی‌و سوێدی ‌و دانیماركی ‌و فەرەنسی ‌و ئیتالی ‌و ئەڵمانی ‌و هەنگاری ‌و دوا كاریشی بەڕێوەبەری دەزگای چاپ ‌و پەخشی سەردەم بووە لە شاری سلێمانی.

شێركۆ بێكەس، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەك ژێكانی دەنگی تێكدەچێت‌و دەنگی دەنوسێت، رۆژی (17)ی نیسانی (2013)، لە سلێمانییەوە گەیەنرایە ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوید، سەرجەم ئەو پشكنینانەی پزیشكە تایبەتییەكانی بۆیان كردووە ئەوەیان پیشانداوە كە یەكێك لە ژێكانی قوڕگی تووشی پسان بووە، بەهۆی ماندوبوونی زۆرەوە.

جگە لەوەی سییەكانیشی بەهۆی زۆری كێشانی جگەرەوە توشی شێرپەنجە بوبوو، بە ئەستەم قسەی بۆ دەكرا، بەڵام رۆشتن‌و خواردن‌و هەڵسوكەوتی رۆژانەی ئاسایی بوو، تا ئەوكاتەی تەندروستی تاڕادەیەك تێكچو‌و پزیشكەكان رایانگەیاند: كە باری تەندروستی تێكچوە‌و ناجێگیر بووە.

بێكەس-ی كوڕ، لە 4ی ئابی ساڵی 2013 لە تەمەنی 73 ساڵیدا لە دەرەوەی وڵات بەهۆی نەخۆشییەوە، دڵە گەورەكەی لە لێدان كەوتوو كەلێنێكی گەورەی لە ئەدەب و شیعری كوردیدا دروستكرد.

پێش گیان لەدەستدانیشی وەسێتی كرد لە شاری سلێمانی و یەكێك لە شوێنە گشتییەكانی شارەكەدا بە خاكی بسپێرن.

وەسێتانامەكەی

"من نامەوێت لە هیچ كام لە گرد‌و گردۆڵەكەكاندا بنێژرێم كە دیارن ‌و ناویان ئەبرێ، یەكەم لەبەرئەوەی پڕبونەتەوە‌و دوەم لەبەرئەوەی من حەز بە قەرەباڵغی زۆر ناكەم، من ئەمەوێ ئەگەر سەرۆكی شارەوانی‌و ئەنجومەنی شارەوانی شارەكەم رێگەم پێبدا‌و ئەوەم پێ رەوا ببینن كە لە پاركی ئازادیدا‌و بە تەنیشت مۆنۆمێنتەكەی شەهیدانی (1963)ی سلێمانیەوە بمنێژن، ئەوێ خۆشترە‌و تەنگەنەفەس نابم، من حەز ئەكەم بە مردویش نزیكی ئەو خەڵكە‌و ژن‌و پیاو‌ی شارەكەم‌‌و دەنگی مۆسیقا‌و گۆرانی‌ و هەڵپەڕكێ‌‌ و یانە جوانەكانی ئەو پاركە بم."

" با كتێبخانەكەم‌ و دیوانەكانم‌ و وێنەكانم ببرێن بۆ شوێن مەزارەكەم، با كافتریایەك‌‌ و باخچەیەكی بچكۆلانە لەو شوێنەدا هەبێت بۆئەوەی شاعیران‌‌و نو‌سەران‌‌و كچ‌و كوڕی دڵدار ببنە میوانم، من ئەمەوێ لە ئێستەوە بەچاوی خەیاڵ تەماشای ئەو پاركە بكەم‌‌و دوای مردنی خۆم ببینم، ئەمەوێ بەدەم چریكەی دیلان‌و ئەڵڵا وەیسیەكەی مەردان‌و سرودی (خوایە وەتەن ئاواكەی)ـەوە ئاڵای كوردستانم تێوە پێچرابێ‌و بنێژرێم، من ئەمەوێ لە پرسەكەمدا مۆسیقا لێبدرێت، لەناو مەزارەكەمدا تابلۆی جوانی هونەرمەندانی شارەكەم هەڵبواسن، من ئەمەوێ دوای خۆم‌‌و بەناوی (بێكەس)ەوە خەڵاتێكی ساڵانە تەرخان بكرێ‌و بدرێت بە جوانترین دیوانە شیعری هەڵبژێردراوی ئەو ساڵە‌و خەرجی ئەم خەڵاتەیش لەو میراتە بدرێ كە جێیدەهێڵم."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن