مستەفا كازمی پارە بۆ هەرێم دەنێرێت

کوردستان

07/08/2020     ژمارەی بینراو 5104

راچڵەكین

پەرلەمانتارێكی پێشووی یەكێتی رایدەگەیەنێت، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەبێ رێككەوتن لەگەڵ هەرێم، بڕێك پارە بەناوی پێدانی مووچەوە بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، ئاشكراشیدەكات مستەفا كازمی بۆ هەڵبژارنی داهاتوو نیازی دروستكردنی لیستی سەرتاسەری هەیە لە عیراق و كوردستان، نەوەیەكی نوێی سیاسی لە عیراق سەرهەڵدەدەن و نەوە كۆنەكەش پاشەكشە دەكەن.

 

سالار محەمەد پەرلەمانتاری یەكێتی لە خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە، بەبێ رێككەوتن لەگەڵ هەرێم، مستەفا كازمی رێژەیەك پارە بۆ كوردستان دەنێرێت بەناوی پێدانی مووچەوە، چونكە بۆ هەڵبژارنی داهاتوو نیازی دروستكردنی لیستی سەرتاسەری هەیە لە عیراق و كوردستان.

سالار مەحمود ئاشكراشیكردووە، مەبەستی كازمی لە ناردنی بڕێك پارە بۆ هەرێم، بۆئەوەی دەیەوێت بە رای گشتی كوردستان و مووچەخۆران بڵێت بەبێ رێككەوتن لەگەڵ لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەتی هەرێم، هاوكاریتان دەكەم.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی یەكێتی رەخنەی  لە بەرپرسانی هەرێم گرتووە كە تەنیا بۆ پارە چاویان لەبەغدایەو دۆسیە ستراتیژییەكان فەرمۆش كراون، باسی لەوەشكردووە سەرەتا بە هاندانی ئەمریكا هەر زوو لەكوردستانەوە پشتیوانی بێ مەرج بۆ كازمی راگەیەنرا.

بەوتەی سالار مەحمود، ئەگەر مستەفا كازمی لەسەر ئاستی گشتی توانی چاكسازی بكات و هاوتەریبیش ئیستحقاقی دەستوری كوردستان دەستبەر بكات، ئەوا دەشێ دەستخۆشی لێ بكرێت، بەڵام نابێ پەلە بكرێت لە بڕیاردان لە ئەجێنداو نیازی داهاتووی سەرۆك وەزیرانی عێراق.

لەبارەی دیاریكردنی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت لەلایەن كازمییەوە، سالار مەحمود دەڵێت: لە كارنامەكەیدا هەڵبژاردنی پێشوەخت هەبوو، پەرلەمانیش دەنگی بەو كارنامەیە داوەو داخوازییەكی گشتی بووە، بۆیە دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن لەلایەن حكومەتەوە ئاسایی و یاساییە، ئەمەش بەهەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتەكانی تر.

پەرلەمانتارەكەی پێشووی یەكێتی پێشبینی كردووە لەهەڵبژاردنی داهاتوو هەموو لایەنەكانی ئێستا ژمارەی كورسییەكانیان كەمببێتەوەو بەپێی یاسا نوێكەش دابەشبوونی زۆرتر دروست ببێت، راشیگەیاندووە، نەوەیەكی نوێی سیاسی و چینێكی سیاسی نوێ لە عیراق سەرهەڵدەدەن، نەوە كۆنەكەش پاشەكشە دەكەن.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن