پێویسته‌ چ خواردنێک بخۆین لەسەردەمی کۆرۆنادا؟

تەندروستی

18/09/2020     ژمارەی بینراو 623

پێویسته‌ چ خواردنێک بخۆین لەسەردەمی کۆرۆنادا؟

ڕاچڵه‌كین-

لەگەڵ بەردەوامی پەتای کۆڤید -١٩ و نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون بۆچارەسەرێکی نزیک هەروەها بەسەربردنی کاتێکی زۆرتر لەماڵەوە و وەرزشکردنی کەمتر واپێویست دەکات ئاگاداری کێشمان بین و نەهێڵین قەڵەو ببین، دەبێت ئەوە بزانین کە هیچ خواردنێک رێ لەتوشبون بەکۆرۆنا ناگرێت بەڵام باشترین خۆراک بۆ سەردەمی کۆڤید بریتیە لەخواردنێکی هاوسەنگی تەندروست کە دەتپارێزێ لەزیادبوونی کێش و لەهەمان کاتیش وزە و بەرگریەکی باشت پێبدات ئەمەش بەجێبەجێکردنی ئەم رێنمایانە، كه‌ دكتۆر ڕێباز پزیشکی خۆراک و تەندروستی گشتی له‌م بابه‌ته‌دا باسی ده‌كات.

- پرۆتین زۆر بەسودە بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکان و سیستەمی بەرگری لەش
1- هەوڵبدە رۆژانە ٢-٣ جار پرۆتینەکان بخۆیت چ وەک ژەمی سەرەکی یان سوکە ژەم (واتە لەنێوان ژەمە سەرەکیەکان).
2- ئەو خواردنانەی کەبڕێکی باشی پرۆتینیان تێدایە بریتین لە گۆشت، ماسی، هێلکە، پاقلەمەنیەکان، نیسک، چەرەسەکان و بەروبومەکانی شیر وەکو ماست، ماستاو و پەنیر.
3- واباشە هەفتەی جارێک ژەمێک ماسی بخۆیت وەکو سەلەمون، کارب، ساردین، تونا....
4-پرۆتینەکان بەهەمەچەشنی بخۆ، واتا تەنها یەک جۆری پرۆتین نەخۆی. نابێ هەموو رۆژ گۆشت یان پاقلەکان یان جۆرەکانی تر بخۆی بەڵکو دەبێ گۆڕانکاری بکەی لەنێوان ئەو جۆرانە و بەتێکەڵی بیان خۆیت.

-کاربۆهیدرات سەرچاوەی وزەیە
1-  نیشاستەکان (کەجۆرێکە لەکاربۆهیدراتەکان) بخۆ لەگەڵ هەموو ژەمەکان.
2- ئەو خۆراکانەی کەنیشاستەیان زۆرە بریتین لەپەتاتە، پاستا، نان، سەمون، برنج و دانەوێڵەکان
3- واباشترە دانەوێڵەکان بەتوێکەڵەوە بن، بۆنمونە برنجی بۆر، ئاردی جۆ.....

-میوە و سەوزە بڕێکی زۆر لە ریشاڵ و ڤیتامین و کانزا بنچینەیەکان لە خۆ دەگرن و بەرگری لەش بەهێز دەکەن
1- رۆژانە دەبێ بڕێکی زۆر لەسەوزە و میوە بخەیتە ناو لیستی خواردنەکانت
2- لانیکەم رۆژانە پینج جار میوە و سەوزە بخۆ
3- هەوڵدە تەنها یەک جۆر میوە یان سەوزە نەخۆیت، بەڵکو گۆڕانکاری تێدا بکە و هەموو جۆرەکان تاقیبکەوە
4- واچاکترە میوە و سەوزەکان تازە و نوێ بن بەڵام ئەگەر بەستووش بن هەر دەبێت. خۆت بەدوور بگرە لەمیوەی وشککراو.
5- واباشە رۆژانە ماوەیەک خۆت بدەیتە بەر تیشکی خۆر بۆدەستکەوتنی بڕی پێوست لەڤیتامین دی.

-بەروبومی شیر کالسیۆم و کانزاکانی دیکە لەخۆدەگرێت کەپێوستە بۆ تەندروستی ئێسک و ددان
1-  دەبێت هەموو رۆژێک لانیکەم سێجار یەکێک لە بەروبومەکانی شیر بخۆین یان بخۆینەوە.
2-  شیرەمەنیەکان ئەمانە لەخۆ دەگرێت؛ شیر، ماست، ماستاو، پەنیر، دۆ...

-خواردنەوەکان (شلەمەنیەکان) پێوستن بۆ مانەوەی باری تەڕیی لەش و رێگرتن لەوشکبونەوەی
1- رۆژانە ٦ - ٨ پەرداخ لە خواردنەوەکان بخۆرەوە
2- شلەمەنیەکان وەکو ئاو (باشترین بژاردەیە)، شیری کەم چەوری، چا، قاوە، شلە بێ شەکرەکان.
3- شەربەتی میوە بڕێکی زۆری شەکری تێدایە بۆیە چاکتر وایە خۆمان لێی بەدوور بگیرن وە لەڕۆژێک لەیەک پەرداخ زیاتری لێ نەخۆینەوە.

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن