رێژەی سەوزایی لە سلێمانی زیاد دەكرێت

کوردستان

12/10/2020     ژمارەی بینراو 405

راچڵەكین – 

لە سلێمانی هەڵمەتێك بۆ زیادكردنی رێژەی سەوزایی و پاككردنەوەی شاخی گۆیژە راگەیەندرا، پارێزگاری سلێمانیش داوای لەهەموو لایەك كرد خۆبەخشانە بەشداری لەم هەڵمەتە "ژینگەییە مرۆییە نیشتمانییە"دا بكەن.

ئەمڕۆ ١٢-١٠-٢٠٢٠ د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا هەڵمەتی پاككردنەوەی شاخی گۆیژەی راگەیاندو پرۆژەی سەوزكردنی شاخەكەشی بەسەركردەوە، سوپاسی قائیمقام و ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و هەموو فەرمانگە حكومیی و كۆمپانیا بەشدارەكانی كەرتی تایبەت و زانكۆو ڕێكخراوەكانی كرد، بەتایبەتی كۆمپانیاكانی (ئاسیاسێڵ، قەیوان، تانوپۆ، دەروازە، ماس، هەڵەبجە)و هەموو ئەوانەش كە ئامادەیی بەشداریكردنیان لەم پڕۆژە گەورەیەدا داوە.

پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، لەبەرئەوەی تائێستا بودجەی تایبەت بە ئاودانی هەواری شارو سەوزایی و بلوارەكانی سلێمانی خەرج نەكراوە، وەك ساڵانی ڕابردوو لەپێناوی پاراستنی سەوزایی شارەكەدا، پشتیوانیی سەرۆكایەتی شارەوانیی و بەڕێوەبەرایەتی باخچەكانی سلێمانی دەكەن بۆ ئاودان و پاراستنی سەوزاییەكانی سلێمانی، تا كاتی باران بارین و داواشی لە حكومەتی هەرێم كرد بودجەی پێویست بۆ ئەم مەبەستە خەرج بكات.

بەپێی ماستەرپلانێكی پەسەندكراو و بەشێوەی تابلۆیەكی سەوزایی، تەواوی شاخی گۆیژە سەوز دەكرێت و ناوچە سووتاوەكانیش دەبوژێنرێنەوەو سیستمی ئاوو ئاگركوژێنەوەو خۆپارێزیان بۆ دادەنرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن