پرۆگرامی خوێندن كەمدەكرێتەوە

عێراق

01/11/2020     ژمارەی بینراو 722

راچڵەكین-

وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند كە لە چوارچێوەی گرتنەبەری رێوشوێنەكانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، ئامادەكارییان بۆ ساڵی نوێی خوێندن كردووە كە چاوەڕوان دەكرێت لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، دەست پێ بكات.

فەلاح قەیسی- بریكاری وەزیری پەروەردەی عێراق، لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی نیمچە فەرمی عێراقییە ئاماژەی بەوەداوە، ئامادەكارییان بۆ ساڵی نوێی خوێندن كردووە كە چاوەڕوان دەكرێت لە ناوەڕاستی ئەم مانگە، دوای تەواوبوونی تاقیكردنەوەكانی خولی دووەم، دەست پێ بكات و وتی:"بەڕێوەبەرایەتی پڕۆگرامەكان لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق، پڕۆگرامەكانی ئەمساڵی خوێندنی بۆ قوتابیان ئامادەكردووە كە كەمكردنەوەی بەشێك لە بابەتە زانستییەكان و بەكارهێنانی تەلەڤیزیۆنی پەروەردەیی و فێركاری لەخۆدەگرێت".

راشیگەیاند:" بوونی قوتابیان لە قوتابخانەكانە دوو بۆ سێ رۆژ لە هەفتەیەك دەبێت بە تایبەتیش قوتابیانی قۆناغی ئامادەیی و قوتابیانی پۆلەكانی یەكەم، دووم و سێیەمی سەرەتایی و باسی لەوەشكرد كە دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن پەیوەستە بە بڕیاری شانەی قەیرانەكان لە وەزارەتی تەندروستی."

قەیسی، وتیشی: "لەسەر ئاستی باڵادا، هەماهەنگیی لەنێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پەروەردە و سەندیكای مامۆستایان هەیە بۆ ئەوەی لە میانی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندندا، كەشێكی تەندروستیی گونجاو بۆ قوتابیان برەخسێندرێت".

بریكاری وەزیری پەروەردەی عێراق، فەلاح قەیسی روونشیكردەوە كە لە كاتی دەستپێكردنی ساڵی نوێ خوێندن، رێگە دراوە لە پۆلە بچووكەكاندا، هەشت قوتابی و لە پۆلە گەورەكاندا، ١٠ قوتابی بوونیان هەبێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن