بە فەرمی داوا لە حكومەتی عێراق دەكرێت 320 ملیارەكە رەوانەی هەرێم بكات

ئابوری

19/11/2020     ژمارەی بینراو 1910

راچڵەكین –

د. بەشیر حەداد جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە فەرمی داوا لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەكات بەپێی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان بەغداو هەرێم كراوە، 320 ملیارەكەی هەرێمی كوردستان رەوانە بكات.
  
بەگوێرەی ئەو نوسراوە فەرمییەكەی كە رۆژی 16-11-2020، لەلایەن د. بەشیر حەداد ئاراستەی مستەفا كازمی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق كراوە، تێیدا هاتووە، پشتبەستن بەو رێككەوتنەی لە نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە سەبارەت بە شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی هەرێم، داوات لێدەكەم پابەند بیت بە رەوانەكردنی 320 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەكردووە كە رێككەوتنەكەی نێوان بەغداو هەرێم سەبارەت بە ناردنی 320 ملیارەكە، بەر لە تێپەڕاندنی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە ئەنجامدراوە.

د. بەشیر حەداد لە نوسراوەكەیدا بۆ كازمی، داواشی لێكردووە شایستە داراییەكانی جوتیارانی هەرێم بۆ هەرسێ ساڵی (2014، 2015، 2016) رەوانە بكات كە تائێستا خەرجنەكراوەو بەو هۆیەشەوە زیانێكی زۆر بەر چینی جوتیاران كەوتووە.

بەهۆی یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی دارایی، كە لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەندكراو تێیدا ناردنی 320 ملیارەكەی هەرێم پەیوەست كراوە بە رادەستكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتیی هەرێمی كوردستان، تائێستا حكومەتی عێراق ئەو بڕە پارەیەی رەوانەی هەرێم نەكردووە، بەو هۆیەشەوە دابەشكردنی مووچەی مانگی 10ی فەرمانبەرانی هەرێم دواكەوتووە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن