ئیدارەی گەرمیان لەسەر دزینی سێ هەزار سەبەتەی خۆراک روونکردنەوە دەدات

کوردستان

03/12/2020     ژمارەی بینراو 549

راچڵەکین-

ئیدارەی گەرمیان رەتیدەکاتەوە کە ئەو سێ هەزار سەبەتە خۆراکەی کە تایبەت بوون بە ئاوارەکان دزرابن و دەڵێت:" كەیسەكە لە دادگایە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە".

ئەوە لە کاتێکدایە، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەکان لە دەستەی دەستپاکیی عێراق رایگەیاند، تیمەکانی نووسینگەکەیان لە پارێزگای دیالە لە ئۆپەراسیۆنێکدا دەستیان بەسەر زیاتر لە 3 هەزار سەبەتەی خۆراکی ئاوارەکان و کۆمەڵێک جلی تایبەت بە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەراندا گرتووە، کە لە کۆگایەکی کەرتی تایبەتدا لە شارۆچکەی کەلار کۆکرابوونەوە، یەکێک لە تۆمەتبارەکانیش زیندانیی کراوە.

ئیدارەی گەرمیان راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت:" ئێمە لە ئیدارەی گەرمیان بۆ رایگشتی رایدەگەیەنین، ئەو سەبەتە خۆراكیانە لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و دیالەوە بە چەند وەجبەیەك هێنراونەتە سنوری ئیدارەی گەرمیان پاش ئاگاداربوونی دامودەزگاكانی ئیدارەی گەرمیان و ئاگاداركردنەوەی حكومەتی عێراق، بە هەماهەنگی ئیدارەی گەرمیان و حكومەتی عێراق بەدواداچوون كراوە".

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی ئیدارەی گەرمیان، دەستگیراوە بەسەر سەبەتە خۆراكییەكان و كەیسەكە لە دادگای ناحیەی رزگارییە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە.

ئیدارەی گەرمیان جەختدەکاتەوە، ئەو سەبەتە خۆراکیانە دورو نزیك پەیوەندی بە ئاوارەكانی نیشتەجێبووی سنوری ئیدارەی گەرمیانەوە نییە و بەڵكو بۆ ئاوارەكانی نیشتەجێبووی دەرەوەی سنوری ئیدارەی گەرمیان دابینكراون.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن