لەناوچەیەكی كوردستان بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیرا

کوردستان

03/12/2020     ژمارەی بینراو 372

راچڵەكین –

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی هەرێمی كوردستان، لەقەزای ئاكرێ دوو تۆمەتباریان بە بڕێكی زۆر ماددەی هۆشبەر دەستگیركرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ 3-12-2020، بەهاوكاری ئاسایشی قەزای ئاكرێ، دەستیان بەسەر 26 كیلۆ مادەەی هۆشبەر لەجۆری هێرۆین-دا گرتووەو دوو تۆمەتباریشیان لەسەر ئەو رووداوە دەستگیركردووە.
 
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هەردوو تۆمەتبارەكە، كە دانیشتووی هەرێمی كوردستانن، لەمیانی لێكۆڵینەوەدا دانیان ناوە بە تاوانەكەیان، بەپێی ماددەی 14ـی یاسای هۆشبەریش، رەوانەی دادگا كراون و پەڕاوی لێكۆڵێنەوەیان بۆ كراوەتەوە.
 
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، زیاتر لە 34 كیلۆ ماددەی هۆشبەری جۆراوجۆر لەهەرێمی كوردستان دەستیان بەسەردا گیراوەو سێ تۆمەتباریش كە خاوەنی ماددە هۆشبەرەكان بوون، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكانەوە دەستگیركراون. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن