بنەماڵەی نەجمەدین كەریم: رێكاری یاسایی دژی ئەم كەسانە دەگرینەبەر

کوردستان

05/12/2020     ژمارەی بینراو 905

نەجمەدین كەریم

راچڵەكین-

بنەماڵەی نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كۆچكردوی كەركووك رایدەگەیەنێن، ھەندێك كەس ناوی نەجمەدین كەریم بۆ دروستكردنی گرووپ و حیزب و رەوتی سیاسی بەكاردەهێندرێت، "كۆچكردو دوور و نزیك هیچ پەیوەندیەكی بەو كەسانەوە نەبووە".

بنەماڵەی نەجمەدین كەریم، لەروونكردنەوەیەكدا ئاماژەیان بەوەكردووە:" ماوەیەكە لێرە و لەوێ چاوپێكەوتنی میدیایی بە ناوی خزمی كۆچكردوو دكتۆر نەجمەدین كەریم یاخود ناو وناوبانگی كۆچكردوو دكتۆر نەجمەدین، بۆ دروستكردنی گروپ و حیزب و رەوتی سیاسی بەكاردەهێندرێت."

ئەوەشیان روونكردووەتەوە:"وەك بنەماڵەی كۆچكردوو دكتۆر نەجمەدین، بە پێویستی دەزانین بۆ هەموو لایەكی روون بكەینەوە، كە كۆچكردوو دوور و نزیك هیچ پەیوەندیەكی بەو كەسانەوە نەبووە كە لە چاوپێكەوتنی میدیایی و دروستكردنی گروپ و رەوتی سیاسی ناو وناوبانگی دكتۆر بەكاردەهێنن."

لەكۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە:" داوا لە هەموو لایەك دەكەین، پابەندی رێكاری مافدارێتی بنەماڵەی كۆچكردوو بۆ ناو وناوبانگی دكتۆر  نەجمەدین بن و سەربەخۆیانە ناو وناوبانگی كۆچكردوو بۆ هیچ پڕۆژەیەك بەكارنەهێنن، ھەر كەس و لایەنێك ناو و ناوبانگی دكتۆر نەجمەدین بەكاربێنێت بۆ بەرژەوەندی خۆیان رێكاری یاسایی دەگرینەبەر."

بەگوێرەی زانیارییەكان، لەئێستادا یەكێك لەپاسەوانەكانی پێشووی نەجمەدین كەریمـ، سەرقاڵی دروستكردنی لیستێكی سیاسییە بەئامانجی بەشداریكردن لەهەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراق.

كەسوكاری د. نەجمەدین كەریم-یش دەڵێن ئەو كەسە دەیەوێـت لەژێر ناوی پارێزگاری كۆچكردووی كەركوك-دا خۆی وەك سیاسییەك نیشان بدات و سوود لەپێگەكەی ببینێت بۆ بەرژەوەندی خۆی. 

 

نەجمەدین كەریم ساڵی 2009 لە ئەمریكاوە گەڕایەوە باشووری كوردستان، لە ساڵی 2011 - 2017 پارێزگاری كەركوك بوو. لە هەڵبژاردنی ساڵی 2014دا نەجمەدین كەریم سەرۆكی لیستی كوردستانی بوو.

 

رۆژی 31ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، دوای تووشبوونی بە جەڵتەی مێشك، نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشووی كەركووك لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا گیانی لەدەستدا. ئێوارەی 6ی تشرینی دووەم، تەرمەكەی گەڕێندرایەوە هەرێمی كوردستان و لە شاری هەولێر بەخاك سپێردرا.




داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن