دابەزینی بەهای دیناری عیراقی.. نرخ شتومەك لەبازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بەرزدەكاتەوە

ڕاپۆرت

21/12/2020     ژمارەی بینراو 852

راچڵەكین-

دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەربە دۆلاری ئەمریكی جموجۆڵ و قەرەباڵغییەكی زۆری لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر دروستكردووە، بەشێك لە خەڵكی بە ئامانجی بەدەستهێنانی قازانج، دۆلار دەكڕن و ئەوانەیشی كە دۆلاریان بە هەرزان كڕیوە ئێستا دەیفرۆشنەوە.



ئەم بێنەو بەردەیەی كڕیار و فرۆشیاران لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر، قەرەباڵغییەكی دروستكردووە كە ساڵانێكی زۆرە بازاڕەكە ئەوەندە خەڵكی تیادا كۆنەبووەتەوە.

رەمزی گۆمەشینی، كەیەكێكە لە مامەڵەكارانی دراو لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر كە هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە بواری ئابووری، دەڵێت: "رێژەی ئاڵوگۆڕی دراو و خواست لەسەر دۆلار لە بازاڕدا بە نزیكەیی لەسەدا ٤٠ زیادیكردووە، خەڵك دەیەوێت ئەو دینارەی لە ماڵەوە هەیەتی بیكاتە دۆلار، هەندێكیش مەبەستیان ئەوەیە ئەگەر بەهای دۆلار زیاتربوو قازانجی لێ بكەن، هەندێكیشیان ئەوانەن كە بە دۆلار كاڵایان كڕیوە و بە دینار فرۆشتوویانە و نەیانكردووەتەوە دۆلار، ئێستا دێن بەخێرایی ئەو دینارەی لەبەردەستیانە دەیكەنە دۆلار تا زیانێكی زیاتر نەكەن".


 رەمزی گۆمەشینی

 

رەمزی وتیشی: "بڕیاری دابەزاندنی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەربە دۆلاری ئەمریكی كاریگەرییەكی خراپی لەسەر خەڵك دەبێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی كاڵا و كەلوپەلەكان، ئێمە وڵاتێكی بەكارهێنەرین نەوەك وڵاتێكی بەرهەمهێنەر، ئەو كاڵایانەش كە هاوردەی دەكەین بە دۆلار لە دەرەوە دەكڕدرێت، لەبەرئەوە نرخەكەی لەسەر هاووڵاتی زیاد دەبێت و زەرەر دەكەن".

ئەو هەروەها وتیشی: "بەڵام مەرجیش نییە گرانبوونی نرخی كاڵا و كەرەستەكان لە بازاڕدا، بەڕێژەیەكی زۆربێت، چونكە هاوتەریب لەگەڵ كەمبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، بەهای تمەنی ئێرانی و لیرەی توركیش بەرامبەر دۆلار دابەزیوە، بۆیە ئەمە كاریگەریەكە كەمتر دەكاتەوە".

پێچەوانەی بازاڕی دراو كە جمەی دەهات لە خەڵك، بازاڕی كاڵا و كەرەستە و پێداویستییەكانی رۆژانەی خەڵك، بەراورد بە رۆژانی رابردوو، چۆڵتر و بێ بازاڕ دەبینرێت.

بەشیك لە دوكاندارەكان هۆكاری ئەو چۆڵییەیان بۆ ناجێگیری نرخی دراو و نیگەرانی خەڵك دەگەڕاندەوە كە نازانن نرخەكان چی لێدێت، بۆیە جارێ نایانەوێت هەموو شتێك بكڕن.

فرۆشیارێكی كەرەستە خۆراكییەكانی رۆژانە بە ناوی عەبدوڵڵا عەلی لە بازاڕی شێخەڵڵا لە هەولێر دەڵێت: "ئەشیای ئێمە هەمووی لەگەڵ دۆلارە، كەمێك بەرلە ئێستا ١٠ كارتۆن رۆنی زەیتم بۆهات جاران هەر دەبەیەكی پێنج لیتری لەو زەیتە بە حەوت هەزار دینارم دەدا بە كڕیار، ئێستا ئەوەی ئەمڕۆ بۆم هاتووە هەر دەبەیەكی ١٠ هەزار و ٥٠٠ دینار لەسەر خۆم كەوتووە".


عەبدوڵڵا عەلی

 

عەبدوڵڵا عەلی وتیشی: "ئەمڕۆ بەهۆی ئەم دۆخەوە بازاڕ هیچ نەبووە، كارمان وەستاوە و خەڵك نازانێت بازاڕ چی لێ دێت، بۆیە كەس هیچ ناكڕێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد: "هەر كەرەستەیەك لەم دوكانی مندا بە نموونە وەربگرین نرخەكەی لەچاو پێشتر چووەتە سەری، بەڵام نازانم بەڕێژەی چەند، بۆ نموونە، چا پێشتر كیلۆیم بە حەوت هەزار دینار دەفرۆشت ئێستا كیلۆی بووەتە ١٠ هەزار دینار، چونكە ئەمڕۆ چووم كڕیومە سێ هەزار دینار زیاتریان لەمن سەندووە".

 

 

مەڕوان حیسامەددین، كە فرۆشیاری جلوبەرگە لە بازاڕی هەولێر، وتی: "بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار زۆر كاریگەری لەسەر بازاڕ و نرخی كاڵاكان هەبووە، بۆ نموونە ئەم قەمسەڵەیە پێشتر بە ٢٠ هەزار یان كەمتریش دەمهێنا، ئێستا بووەتە ٢٥ هەزار دینار، من بە چەند بیفرۆشم دەبێت بیدەم بە ٣٠ هەزار دینار و بەو پارەیەش كەس نایكڕێت، ئەمە چاكەتێكی دیكەیە بە هەشت بۆ نۆ هەزار دینار دەمهێنا، ئێستا ئەمڕۆ بووەتە ١٢ هەزار دینار منیش دەبێت بە خەڵكی بدەم بە ١٥ هەزار دینار و كەسیش بەو پارەیە نایكڕێت ئەڵین تەنكە".


مەڕوان حیسامەددین

 

مەڕوان حیسامەددین وتیشی: "هەموو كاڵاكان بەپێی گرانی و هەرزانییەكەی نرخەكانی زیادیكردووە، هەندێكی سێ هەزار یان چوار هەزار یان ١٠ هەزاری چووەتە سەر، بۆ نموونە قەمسەڵەم هەیە پێشتر بە ٢٢ دۆلار دەمهێنا، ئەمڕۆ كردوویانە بە ٣٠ دۆلار".

ئاماژەی بەوەشكرد: "ئێستا لە بازاڕدا كڕیاریش زۆر كەمبووەتەوە و بەكەمی خەڵك دێت بۆ شت كڕین، ئێستا هەم گرانی سەری هەڵداوە هەم بێ بازاڕی"

 

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق شەممەی رابردوو بڕیاریداوە بەهای 100 دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر 145 هەزار دینار جێگیر بكات. بانكی ناوەندیش رایگەیاند دۆلارێك بە 1450 دینار دەفرۆشێتە وەزارەتی دارایی، هۆكارەكەشی بۆ قەیرانی كەمبوونەوەی داهات بەهۆی دابەزینی نرخەكانی نەوتەوە گەڕاندووەتەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن