هۆكاره‌كانی توشبوون به‌ مایه‌سیری و چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ر

تەندروستی

29/12/2020     ژمارەی بینراو 4540

مایه‌سیری

ڕاچڵه‌كین-

مایەسیری بریتییە لە هەڵئاوسانی ملولەکانی خوێن لە دەوری کۆم ، دەکرێ لە ناوەوەی کۆم بێت و نەبینرێت یاخود لە دەرەوەی کۆم بێت، دكتۆره‌ ئه‌وین پسپۆڕی  نەشتەرگەری گشتی له‌م بابه‌ته‌دا نیشانه‌ و هۆكار و چاره‌سه‌ر ده‌خاته‌ ڕوو.

زۆربەی ئەو کەسانەی کە مایەسیریان هەیە پێویستیان به‌ نه‌شته‌رگه‌ری نابێت، باتایبەت ئەگەر زوو چارەسەری بکەن بە کرێم و دەرمان. 
نزیکەی سێ لەسەر چواری کەسانی گەورە توشی مایەسیری دەبن بەڵام دەکرێت منداڵ و گەنجیش توشی ببن، توشبوون بە مایەسیری چەندین هۆکاری هەیەو  هەندێکیان نەزاندراون، لە هۆکارەکانی: 
1- قەبزی یا سکچون بۆ ماوەیەکی زۆر ئەگەری توشبوون بە مایەسیری زیاددەکات.
2- دووگیانی: زۆرجار ئافرەت لەم ماوەیەدا توشی مایەسیری دەبێت، بەهۆی گەورەبوونی ڕەحم کە زەخت دەخاتە سەر کۆڵۆن.
3-بەساڵاچوون: زۆرجار لە تەمەنی ٤٥ بۆ ٦٥ ساڵیدا توشی دەبن.
4-دانیشتن بۆ ماوەیەکی زۆر بەتایبەت لەکاتی تەوالێتدا
5-بۆماوەیی و قەڵەوی و کەمی جوڵە 
6-هەڵگرتنی کەرەستەی قورس ، وەک ئەوانەی کە یاری ئاسن دەکەن بە بەردەوامی

نیشانەکانی مایەسیری بەپێی جۆرەکەی دەگۆڕدێت
1- نیشانەکانی مایەسیری دەرەکی: کزانەوە و خوران لە دەوری کۆم، ئازار وناڕەحەتی، هەڵئاوسان و خوێن بەربوونی کۆم 

2-نیشانەکانی مایەسیری ناوەکی: نابیندرێت و هەستی پێناکرێت ، بەڵام بەگشتی لەکاتی تەوالێتدا خوێن بەربوونێکی بێئازار  دەبێت ، وە لەکاتی زەختکردندا ڕەنگە مایەسیرییەکە بەدی بکرێت و ببێتە هۆی ئازار.

 بەگشتی مایەسیری ٤ قۆناغی هەیە و سەرەتا بە قۆناغی ۱ دەست پێدەکات ، ئەگەر چارەسەر و پارێزی نەکرێت لەگەڵ کاتدا خراپتر دەبێت و چارەسەرکردنیشی قورستر دەبێت و دەچێتە قۆناغەکانی سەروتر.

هه‌نگاوه‌كانی خۆپاراستن
1- خۆراک:خواردنەوەی ئاو بەڕێژەیەکی زۆر لەگەڵ شلەمەنی و خواردنەوەی شەربەتی فرێشی میوەکان ،خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە ڕیشاڵ ، وەکو سەوزە و میوەکان ، کە یارمەتیدەرن لە کەمکردنەوەی قەبزی.

2-دوورکەوتنەوە لە مانەوە بۆ ماوەیەکی زۆر لە توالێت یان پەستانکردنی زۆر لەکاتی توالێتدا، کە دەبێتە زیان گەیاندن بە ملولەکانی خوێن لە کۆتای کۆمدا.

3-دوانەخستنی چون بۆ تەوالێت هەرکاتێک پێویستی کرد .

4-هێشتنەوەی کێشی لەش بە تەندروستی  و جوڵان و وەرزش کردن ڕۆژانە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن