ساڵێكە ئێران بێ سولەیمانی-یە

ڕاپۆرت

03/01/2021     ژمارەی بینراو 388

راچڵەكین-

بەرەبەیانی رۆژی 3ی كانوونی دووەمی ساڵی رابردوو، سوپای پاسدارانی ئێران كوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی  لەهێرشێكدا لە نزیك فڕۆكەخانەی بەغدا راگەیاند، هەوڵێك كە بۆ زۆربەی جیهان شۆكهێنەر بوو.

هێرشەكە كاتكۆ 12:52 خولەكی بەرەبەیانی روویدا، كاتێك فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوانی ئەمریكی لەجۆری ( ئێم كیو ناین ریپەر) لەرێگەی سێ مووشەكەوە، ئەو دوو ئۆتۆمبێلەی كردە ئامانج كە هەریەك لە قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس- جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و هەشت فەرماندەی سوپای پاسداران و حەشدیان تێدابوو، كە تیایدا سەرجەمیان كوژران.

بەگوێرەی گێڕانەوەكان، بڕیاربووە بەیانی رۆژی 3ی كانوونی دووەم، عادلعەبدولمەهدی- سەرۆكوەزیرانی پێشووی عیراق و سولەیمانی چاویان بەیەكتر بكەوێت و، لە نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق پێكەوە نانی بەیانی بخۆن.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، بەرپرسیاریەتی كوشتنی سولەیمانی و ئەبو موهەندیسی لە ئەستۆ گرت و رایگەیاند، قاسم سولەیمانی بەرپرس بووە لە هێرشەكەی حەشدی شەعبی بۆسەر بنكەی سەربازیی كەی وەن لە كەركووك لە 27-12-2019 و خۆپێشاندانەكەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا.

مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لەبارەی كوشتنی سولەیمانی-یەوە رایگەیاند"كوشتنی ئەو تیرۆریستە بڕیارێكی دروستی ئێمە بوو. قاسم سولەیمانی نەك تەنیا بەرپرس بوو لە وێرانیی سەرانسەری ناوچەكە، بەڵكو بەرپرس بوو لە كوژرانی سەدان ئەمریكی و هەزاران كەسی دیكە لە ناوچەكەدا. ئێمە چاودێریی ئەومان دەكرد و بڕیاری دروستمان دەركرد و كوشتمان."

كوشتنی سولەیمانی كاردانەوەی ئێرانی بەدوای خۆیدا هێنا و پێنج رۆژ دوای رووداوەكە، بە مووشەك هێرشی كردە سەر چەند بنكەیەكی سەربازیی ئەمریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان.

ئێوارەی 5ی كانووونی دووەمی 2020 ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بەبێ بەشداری فراكسیۆنە كوردستانییەكان و بەشێكی زۆر لە سوننەكان ، دەنگیدا بۆ دەركردنی هەموو هێزە بیانی و ئەمریكاییەكان لە عیراق، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی رۆڵی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق، وێڕای هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئەمریكا لەلایەن حكومەتی عیراق.

حەسەن نەسروڵا، ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لوبنان دوای كوژرانی سولەیمانی وتی: "بنكە سەربازییەكانی ئەمریكا، كەشتییە سەربازییەكانی ئەمریكا و هەر سەرباز و ئەفسەرێكی ئەمریكی لە وڵات و ناوچەی ئێمە و لەسەر خاكماندا دەكرێتە ئامانج. سوپای ئەمریكا ئەوانی كوشت و دەبێت باجەكەی بدات."

لەگەڵ نزیكبوونەوەی ساڵیادی كوشتنی سولەیمانی و موهەندیس-دا ، حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق، رایگەیاندبوو حكومەتی پێشووی وڵات بە سەرۆكایەتی عادل عەبدولمەهدی، رەزامەندی بەفڕینی درۆنەكانی ئەمریكا بەسەر بەغدادا داوە، ئەو فڕۆكانە هێرشیانكردووەتە سەر سولەیمانی.
 
لەبەرامبەردا عادل عەبدولمەهدی لە وەڵامی ئەو تۆمەتباركردنانەدا، رەتیكردەوە هیچ لایەنێكی عێراقی، رەزامەندی لەسەر سووڕانەوەی درۆنەكانی ئەمریكا بە ئاسمانی بەغدادا دابێت، لە شەوی كوشتنەكەی سولەیمانی و ئەبو موهەندیسدا.

چیرۆكی كوژرانی قاسم سولەیمانی هەرچۆنێك بووبێت و كێ لێی ئاگادار بووبێت، هێندە رۆڵی نییە لەبەرامبەر ئەو زیانەی كوشتنەكەی زیانی بەكۆماری ئیسلامی ئێران گەیاندووە، لەبەرئەوەی سولەیمانی پایەیەكی دووبارە نەبوەوەی سەربازی و سیاسی ئەو وڵاتە بوو لەناوچەكەدا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن