پرۆژە یاسای دوورخستنەوەی ترەمپ لە پۆستەکەی پەسەند کرا

جیهان

13/01/2021     ژمارەی بینراو 322

راچڵەکین-

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، پرۆژە یاسای دوورخستنەوەی ترەمپ-ی لە پۆستەکەی پەسەند کرد کە پرۆژەکە ماوەی ٢٤ کاتژمێر مۆڵەت دەداتە پێنس بۆ وەڵامدانەوە کۆنگرێس لەبارەی دوورخستنەوەی ترەمپ لە دەسەڵات.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، ئەو پرۆژە یاسایەی پەسەند کرد کە داوا لە جێگری سەرۆکی وڵاتەکەی، مایک پێنس دەکات ٢٥هەمین ماددەی هەموارکراوی دەستوور بەکاربهێنێت و سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لە پۆستەکەی دوور بخاتەوە.

دیموکراتەکان لە ئەمریکا، یەکەم هەنگاویان نا بۆ دوورخستنەوەی ترەمپ لە دەسەڵات کە بە بەرپرسیاری هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسی دەزانن لە شەشی کانوونی دووەمدا.

پێش ئەوەی دەنگ لەسەر پرۆژە یاساکە بدرێت، پێنس نامەیەکی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، نانسی پیلۆسی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ٢٥هەمین ماددەی هەموارکراوی دەستوور بەکار ناهێنێت، لەبەرئەوە دەنگدانەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران جگە لە دەنگدانێکی رۆتینی هیچ واتایەکی دیکەی نییە.

لە بەشی مشتومڕی پرۆژە یاساکەدا، دیموکراتەکان بە توندی رەخنەیان لە ترەمپ گرت، کۆماریخوازەکانیش باسیان لەوە کرد کە تەنیا کێشەی دیموکراتەکان رزگاربوونە لە ترەمپ.

لە میانی دەنگدان بە پرۆژە یاساکە ٢٢٣ نوێنەر بە بەڵێ دەنگیان بۆ دا، ٢٠٥ نوێنەریش بە نەخێر. تەنیا یەک نوێنەری کۆماریخوازەکان بە بەڵێ دەنگی بە پرۆژە یاساکە دا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن