راچڵەكین-
سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەپەیامێكدا بۆ فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عیراق دەڵێت:"شانازی دەكەم ، كە وێڕای جیاوازیە فكری و سیاسیەكانمان هەمیشە لەسەر هەڵوێستە نیشتیمانی و بابەتە سترایتیژیەكان یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بووین."
دوێنێ، بەبڕیاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئاڵاتاڵەبانی لەجێی د. جوان ئیحسان، كرایە سەرۆكی فراكسیۆنی ئەو حزبە لەپەرلەمانی عیراق.
ئەمڕۆ هەیینی، د. جوان ئیحسان پەیامێكی ماڵئاوایی ئاڕاستەی فراكسیۆنەكوردستانییە جیاوازەكانی پەرلەمانی عیراق كرد، تیایدا هیوای خواستووە:" چەپكە گوڵەكە بە جیاوازی ڕەنگەكان بۆنی گوڵاو و ئاشتی بەسەر وڵاتدا ببەشێتەوە."
دەقی پەیامەكە:
بەڕێز : فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان
بەڕێز : فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان
بەڕێز : فراكسیۆنی یەكگرتوی ئیسلامی
بەڕێز : فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی
بەڕێز : فراكسیۆنی نەوەی نوێ
بەڕێز : فراكسیۆنە سەربەخۆكان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
دوای ئەوەی ماوەی دیاریكراوی بەندە لە سەرۆكایەتی كردنی فراكسیۆنی (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ) كۆتایی هات ، دەمەوێت سوپاس و ستایشی هاوكاری و هەماهەنگیتان بكەم . شانازی دەكەم ، كە وێڕای جیاوازیە فكری و سیاسیەكانمان هەمیشە لەسەر هەڵوێستە نیشتیمانی و بابەتە سترایتیژیەكان یەك دەنگ و یەك هەڵوێست بووین و بەیەكەوە كاركردن لەگەڵ بەڕێزتان ئەزموونێكی گرنگ و لەبیر نەكراوە.
هیوادارم چەپكە گوڵەكە بە جیاوازی ڕەنگەكان بۆنی گوڵاو و ئاشتی بەسەر وڵاتدا ببەشێتەوە.
هیوای بەردەوامی هاوكاری و هەماهەنگی لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتیتان بۆ دەخوازم.
هەر شاد و بەختەوەربن
دكتۆر جوان احسان فوزی