بڕیاری لێخۆشبوون لەتەواوی قەرزێكی حكومەت لەلای هاوڵاتیان دەردەچێت

کوردستان

12 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 995

راچڵەكین-

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزی ئەو كەسانەی دەركرد كە پێشتر قەرزی بچووكیان وەرگرتووە و لە ژیاندا نەماون.

وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە نووسراوێكدا كە 3ی ئەیلولی 2025 دەرچووە، رێنمایی تایبەت بە لێخۆشبوون لە تەواوی قەرزی ئەو كەسانە دەركردووە كە لەژیاندا نەماون.

وەك لەنووسراوەكەدا هاتووە، بە پاڵپشتیی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بڕیار درا بە : "لێخۆشبوون لە گەڕانەوەی بڕی پارەی قەرزی بچووك بۆ ئەو سوودمەندبووانەی كە كۆچی دواییان كردووە و قەرزیان لەسەر ماوە."

ئاماژە بەوەش دراوە، رێنماییەكە لە رۆژی دەرچوونی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران كاری پێ دەكرێت و لە رۆژنامەی (وەقایعی كوردستان) بڵاو دەكرێتەوە.

قەرزی ئەوانەی كە كۆچی دواییان كردووە كەوتبووە سەر كەفیلەكانیان، بەڵام لەمەودوا قەرزەكە دادەخرێت.

هەشت هەزار و 136 كەس لەپێدانی قەرزی بچووك لە كوردستان سوودمەند بوون، لە نێوان ملیۆنێك تاوەكوو 15 ملیۆن دینار قەرزیان لە حكوومەت بۆ كردنەوەی پڕۆژەی بچووك پێدراوە.

 
 
 
 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن