بەرپرسێكی دارایی هەرێم زانیاری لەسەر دابەشكردنی مووچە پێش جەژن ئاشكرا دەكات

ئابوری

2 کاتژمێر پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 328


راچڵەكین-

سەرۆكی شاندی تەكنیكی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد لەسەر دابەشكردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێم پێش هاتنی جەژنی قوربان، ڕوونكردنەوە دەدات.

رۆژی پێنجشەممە 21ی ئایاری 2026 عەبدوڵا ڕەمەزان، رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی زۆربەی بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عیراق چوون بۆ حەج پێشبینی ناكات پێش جەژن، مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە بكرێت. وەك ڕووداو بڵاویكردووەتەوە.

" لای خۆمان هەموو شتێك لەبارەی مووچە تەواوەو كەموكوڕی تیا نییە و بێ كێشەیە" سەرۆكی شاندی تەكنیكی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد وا دەڵێت.

دوینێ فالح ساری، وەزیری دارایی عیراق داوای لەفەرمانبەرانی وەزارەتەكەیی و بانكەكان كرد رۆژانی پشوو ( هەیینی و شەممە) دەوام بكەن بۆ ئەوەی بتوانن پێش جەژن مووچەی سەرجەم فەرمانگەكان دابەش بكەن، عەبدوڵا ڕەمەزان لەوبارەیەوە ووتی:" ئەگەر ئەو كارە بكرێت، ئەگەرێك هەیە هەفتەی داهاتوو مووچە خەرج بكرێت."

سەبارەت بەرادەستكردنی داهاتی نانەوتی، سەرۆكی شاندی تەكنیكی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداد ووتی، ئەوان تەها گەیاندنی لیستی مووچەیان لەئەستۆدایەو ئەو بابەتە پەیوەندی بەنێوان هەردوو وەزیری داراییەوە هەیە.

پێشتر ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم لەبارەی دابەشكردنی مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێم و ڕەوانەكردنی داهاتی نانەوتی بۆ بەغداد تا پارەی مووچە ڕەوانە بكات رایگەیاند:" تائێستا مانگی پێنج تەواو نەبووە، هەر كات تەواو بوو بەرچاومان ڕوون دەبێت داهاتمان چەندە، ئەو كاتە داهات ڕەوانەی بەغداد دەكەین."

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن