هەفتەی داهاتوو گفتوگۆ لەسەر پشكی هەرێم لەپرۆژەیاسای بودجە بۆ ساڵی 2021 دەكرێت

ڕاپۆرت

20/01/2021     ژمارەی بینراو 575

راچڵەكین-

هەفتەی داهاتوو گفتوگۆ لەسەر پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2021 دەستپێدەكات ، ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش دەڵێت:"  پشكی هەرێم..بەئاسانی تێپەڕنابێت و ئاستەنگی زۆری بۆ دروست دەبێت."

سەلیم شوشكەیی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بۆ راچڵەكین وتی:" پشكی كورد لە بوودجەی عیراق پێویستی بە رێككەوتنی پێشوەخت هەیە، ئەو ریككەوتنەش تا ئێستا نەكراوە، چونكە دەبوو لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەرێم نەوت یان داهاتەكەی رادەستی بەغدا بكات، وەك نیاز پاكی بەڵام تا ئێستا نەكراوە".

دەشڵێت:" حكومەتی هەرێم دەڵێت نەوت رادەست دەكەم، بەڵام ئایا رابردوو دەگەڕێتەوە، چونكە 20 رۆژ بەسەر ساڵی 2021 دا تێپەڕیوە، یاخود دەتوانێت، ئەو پارەیەی كە لەسەر هەرێم بووەتە قەرز لەو ماوەیەدا بیگەڕێنێتەوە كە خۆی مووچەی فەرمانبەرانی نییە، بۆیە رێككەوتنەكە زۆر ئاسان نییە و پێم وایە هەرێم ناچێتە ژیر باری رادەستكردنی نەوت".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت:" ئەگەر 250 هەزار نەوت بەرمیلەكە رادەست بكات  ئەوا زۆر لێك نزیك دەبینەوە و ئاماژەیە بۆ رێككەوتن، بەڵام ئەگەر ئەوەی نەدا، مانای وایە رێکناكەون، چونكە ئێستا شیعەكان داوای رادەستكردنی تێكڕای مەلەفی نەوت دەكەن بە كۆمپانیای رۆس نەفتیشەوە، بەڵام ئەوە دەستووری نییە."

" بەڵام من قەناعەتم وایە هەرێم ناتوانێت نرخی ٢٥٠ هەزار بەرمیلەكەش بدات، چونكە دەبوو لە سەرەتای ئەم مانگەوە بیدات، هەموو ڕۆژیك نرخی ٢٥٠ هەزار بەرمیل لەسەر دەنووسرێت ئایا بەغدا بە قەرز رازی دەبێت، بۆیە كارەكەیان ئاڵۆزكردووە، دەبوو لەسەرەتاوە رێككەوتنیان بكردایە پێش ئەوەی بودجە بگاتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق" سەلیم شوشكەیی وادەڵێت.

سەبارەت بە هۆكاری نەچوونی شاندێكی سیاسی هەرێم بۆ بەغدا وتیشی:" لە رابردوودا شاندی هەرێم هات بۆ بەغدا بەڵام نەگەیشتنە هیچ رێككەوتنێك، بڕواناكەم هەرێم نە نەوت رادەست بكات نە داهاتەكەی، بەڵام ناچارە یەكێكیان بكات، چۆن دەیكات ئەوەیان نازانم".

نوێنەرەكەی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت:"من هەر لەسەرەتاوە دەزانم  هەرێم و بەغدا لێك دوورن لە رێككەوتنەكان هەرێم چاوی لەوەیە نەوتی خۆی بفرۆشێت و نرخی نەوت بەرزببێتەوە و بەشێك لە مووچەی فەرمانبەران ببڕێت، بەغداش كەم یان زۆر هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات بۆئەوەی لیبڕینەكە زۆر نەبێت، من ئەوەی لێدەخوێنمەوە."

لەماوەی رابردوودا شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی- جێگری سەرۆكی حكومەت سەردانی بەغدای كردو دوای زنجێرەیەك دانووستان و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە فەرمییەكانی عیراق لەلایەك و لایەنە سیاسییە شیعەكان، دەربارەی ئامادەیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ناردنی نەوت لە رێگەی سۆمۆوە لەبری داهاتی نەوت، ئەگەر پرۆژەیاسای بوودجەی 2021 پەسەند بكرێت وتی: "ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیبوو لە رابردوو لە ساڵی 2019 لە رێككەوتنەكەمان لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ لە مانگی 11ی ساڵی 2019، ئێستاش لە پرۆسەی گفتوگۆكردن و پەسەندكردنی پرۆژەیاسای بوودجەی 2021 وتوومانە ئێمە ئامادەین 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگای سۆمۆوە بفرۆشین، حەزەكەم ئەمە دووبارە بكەمەوە، ئێمە ئامادەین چۆن لە دەقی پرۆژەیاساكەدا هاتووە وەك خۆی پێوەی پابەند دەبین".

بەڵام لەنوێترین هەڵوێستدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیانووە:" ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆئەوەی داهاتی 250 هەزار بەرمیلی رۆژانە رادەستی حكومەتی فیدرالی بكەین لە بەرامبەر ئەوەی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم دابین بكەن. هەمیشە ئامادەشین كێشەكانی نێوانمان بە پێی دەستوور چارەسەر بكەین و بگەینە ڕێككەوتنێكی هاوبەش كە لە بەرژوەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت."

شەوی رابردووش، حكومەتی هەرێم بڕیاریدا دابەشكردنی مووچە بكرێتە 30 رۆژ جارێك و وەزارەتی داراییش سەرپشك كرا لە دیاریكردنی رێژەی لێبڕین.

بەبڕوای شارەزایان، راگەیاندنەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم، ئاماژەی روونن كە هەرێم نایەوێت نەوت رادەستی سۆمۆ بكات و دەیەوێت وەك ئەوەی هەبووە سەربەخۆ نەوتەكەی بفرۆشێت و بەنیاز نییە لەگەڵ حكومەتی ناوەند رێككەوتن ئەنجامبدات.

لەلایەن خۆشییەوە، عزەت سابیر- سەرۆكی پێشووی لیژنەی دارایی و ئابووری پەرلەمانی كوردستان، لەبارەی رێكەوتنی نێوان هەولێر وبەغدا رایگەیاندووە:" رێكبكەوین دۆخمان وەكو دۆخی هەموو عێراق دەبێت و جیاوازیمان نابێت، رێكنەكەون داهاتووی ئابووری هەرێمی كوردستان لە 2021دا نادیارە، ئەگەر رێكبكەون داهاتی هەرێمی كوردستان 15 ترلیۆن دینار دەبێت، ئەگەر رێكیش نەكەون داهاتەكە نزیك دەبێتەوە لە 11 ترلیۆن دینار، بەڵام دەبێت 70٪ی ئەو 11 ترلیۆن دینارە بداتە كۆمپانیاكان". 
 
عیزەت سابیر، لەبارەی راپۆرتەكەی كۆمپانیای دیلۆیت بۆ ساڵی 2019 دەڵێت: "داهاتی نەوت 30٪ی دەچێتە گیرفانی خەڵك و 70٪ی دەچێتە گیرفانی كۆمپانیاكان، خۆزگە 70٪ی بۆ خەڵك بووایە و 30٪ی بۆ كۆمپانیاكان بووایە، بۆ ئەوەی پێویستیمان بە غداش نەبووایە".
 
ئەو شارەزا ئابوورییە باس لەوە دەكات، لە ساڵی 2013 بەغدا 14 ملیار دۆلاری بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە، بەو پارەیەش 12 مووچەو چەندان پرۆژەی گەورەی پێكراوە و خەڵك لە خۆشترین ساڵی ژیانیدابووە، "بەڵام لە ساڵی 2019 حكومەتی هەرێمی كوردستان 15 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە، واتە یەك ملیاریشی لە 2013 زیاتر بووە، بەڵام 9 مووچەی بە ئەستەم داوە".

لەپرۆژەیاسای بودجەی گشتی عیراق بۆ ساڵی 2021، پشكی هەرێمی كوردستان بە 12.67% دیاریكراوە، بەڵام چاوەرێ دەكرێت لەلیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاستەنگی جددی لەلایەن كوتلە شیعەكانەوە بۆ دروست بكرێت، بەتایبەت لەماوەی چەند ساڵی رابردووداو بەئێستاشەوە حكومەتی هەرێم ئامادە نەبووە بەرامبەر ئەو پشكەی لە بودجەی گشتی بۆ هەرێمی كوردستان دیاریكراوە، نەوت رادەست بكات، ئەوەش بووەتە پاساوێك بۆ كوتلە سیاسییە شیعەكان كەداوای رادەستكردنی تەواوی دۆسێی نەوتی هەرێم بكەن بە كۆمپانیای سۆمۆ، ئەوەش داوایەكە كەلای هەموو لایەك ئاشكرایە، هەولێر ناچێتە ژێرباری و بەو شێوەیەش گەیشت بەرێكەوتن لەگەڵ بەغدا ئاستەم دەبێت و كۆتاییەكی نارۆشنی هەیە.

پرۆژە یاسای بودجەی گشتی عیراق بۆ ساڵی 2021 بە ‏‏148 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە كە 81 ترلیۆن دینار كورتهێنان ‌و ‏‏67 ترلیۆن دیناریشی بۆ بواری وەبەرهێنانە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن