بەرپرسێكی داعش و سێ پاسەوانی دەستگیركران

عێراق

22/01/2021     ژمارەی بینراو 465

وێنە: ئەرشیف

راچڵەكین –

هێزە ئەمنییەكانی عیراق لەمیانەی ئۆپەراسیۆنێكدا لەسنووری پارێزگای دیالە، بەرپرسێكی گروپی تیرۆریستی داعش و سێ لە پاسەوانەكانیان دەستگیركرد.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق، كە ئەمڕۆ 22-1-2021 بڵاویكردووەتەوە، لەمیانەی ئۆپەراسیۆنێكی هێزە ئەمنییەكانی لەسنووری پارێزگای دیالە، بەرپرسێكی گەورەی داعش دەستگیركراوە، كە كارگێڕی گشتی بووە لەبەناوی كەرتی بەغدای رێكخراوی داعش.

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، لە ئۆپەراسیۆنەكەدا كە بەهاوكاری و هەماهەنگی دەزگای ئاسایشی پارێزگای سەڵاحەدین ئەنجامدراوە، سێ چەكداری دیكەی داعش كە پاسەوانی بەرپرسەكە بوون، دەستگیركراون.

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عیراق ئاشكراشیكردووە، ئەو بەرپرسەی داعش چەند رۆژێك لەمەوبەر لە وڵاتێكی دراوسێوە خۆی گەیاندووەتە عیراق و لەسنووری پارێزگای دیالە جێگیر بووە، لەمیانەی لێكۆڵینەوەشدا هەرچوار تیرۆریستە دەستگیركراوەكە دانیان بەوەدا ناوە كە بەشدارییان لەچەندین كردەوەی تیرۆریستی لەدژی هاووڵاتیانی مەدەنی و هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی عیراق ئەنجامداوە.

لەچەند رۆژی رابردووداو لە ئۆپەراسیۆنێكی هاوشێوەدا، بەرپرسێكی داعش لەناوچەی بوهرزی پارێزگای دیالە دەستگیركرا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن