بنەماڵەی ئەو گەنجەی كە لە سیتەك لەگەڵ كچێك بوو گیانی لەدەستدا روونكردنەوەیەك بڵاودەكەنەوە

کوردستان

22/01/2021     ژمارەی بینراو 1202

راچڵەكین –

بنەماڵەی ئەو كچ و كوڕەی كە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە بەهۆی ژەهراویبوون بە گازی زۆپا لە باخێكی سیتەك كوڕەكە گیانی لەدەستدا، ڕایدەگەیەنن كوڕ و كچەكەیان بەنیازی هاوسەرگیریی بوون و بە ئاگاداری هەردوو بنەماڵەش چوونەتە ئەو باخە.

لە ڕونكردنەوەی بنەماڵەی كوڕ و كچەكەدا هاتووە، لەكاتێكدا بنەماڵەكەیان گەنجێكی بە ویقار و دامەزراو خۆشەویستی ھەمووانی لەدەستدا، كۆستی كاكە ژیار كەوتە بەر شاڵاوی سۆشیال میدیا و میدیا نابەرپرسەكان بۆ كۆكردنەوەی ( ڤییو و لایك و كۆمێنت )، ھەر لەسەرەتای كۆستەكەوە بە گەرمی كەوتنە بڵاوكردنەوەی ھەواڵی ناڕاست لەسەر ڕووداوی گیانلەدەستدانی كاكە ژیار.

ئاماژەیان بەوەشكردووە كە وەك وەفایەكی بچوك بۆ ڕۆحی كوڕەكەیان، ڕاستیی ڕووداوەكە بۆ ھەموولایەك دەخەنەڕوو، وەك لە روونكردنەوەكەدا هاتووە، ژیار وەك ھەر گەنجێكی تری ئەم دونیایە، لە خەمی پێكەوە نانی خێزان و ئایندەی خۆی بووە، سەرنجام بڕیار دەدات لەگەڵ خانمێكی بەڕێز و خاوەن بنەماڵەی ئەم كوردستانە خێزان پێكبھێنێت، ئەم بڕیارەشی كەسە نزیكەكان و خانەوادەی هەردوولا لێی ئاگاداربوون و لە چەندین ئاڵوگۆڕی باسوخواستی ھاوسەرگیرییان ڕاوێژیان گۆڕیوەتەوە لەگەڵیان.

سەبارەت بە رۆژی رووداوەكەش، هەردوو بنەماڵەكە روونیانكردووەتەوە “دیداری چوارشەممەی ماڵئاواییش، بەئاگاداری ھەردوو بنەماڵە بووە و دیداری دوو كەسی دەزگیراندار بووە، ھەر بۆ قسەكردن بووە لەسەر پرۆسەی ھاوسەرگیری و ئایندەی ژیانی پێكەوەییان.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 21-1-2021، لە ناوچەی سیتەك-ی سەر بەپارێزگای سلێمانی، كچ و كوڕێك لەماڵێكدا غاز لێی دان و بەهۆیەوە كوڕەكە گیانی لەدەستداو كچەكەش رەوانەی نەخۆشخانە كرا.

سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە ( راچڵەكین)ی راگەیاندبوو، كوڕەكە تەمەنی 20 ساڵ بووەو كچەكەش 18 ساڵ، هەردووكیان لەژوورێكی بچووكدا بوون و سۆپای غازیان ئیشپێكردووە، بەڵام غاز لێی داون و بەهۆیەوە كوڕەكە گیانی لەدەستداوەو كچەكەش رەوانەی نەخۆشخانە كراوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن