راچڵەکین-
هەوای هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسی ژەهراوی بووندایە و بەرپرسانی پاراستنی ژینگەش لە هەرێم هۆکارەکەی بۆ چڕی دانیشتوانی شارەکان، زۆری ژمارەی ئوتومبیل و کەمی سەوزایی دەگێڕنەوە.
عەبدولرەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، ئەو تەپ و تۆز و دوکەڵەی بەسەر شارەکانەوە دەبینرێت، هۆکارەکەی پیسبوونی هەوایە و لە وەرزی زستاندا لێی دەترسین کە کێشە بۆ هەناسەدانی خەڵک دروست بکات.
دەشڵێت:" کۆچکردنی گوندنشینان بۆ شارەکان هۆکارێکە بۆ پیسبوونی هەوا، ئێستا لەسەدا ٨٠ی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لە شارەکانن و لەسەدا ٢٠یان لە گوندن".
"دەتوانین بڵێین لە هەرێمی کوردستاندا تا رادەیەک لەبواری پیسبوونی ئاو و پاراستنی خاکیشدا باشین، بەڵام ئەوەی کە گرفتە لە هەرێمی کوردستان و عێراقیشدا هەوایە، چونکە هۆکارەکانی گواستنەوەی گشتیمان کەمە و هۆکاری گواستنەوەی تایبەتمان زۆرە، کەواتە ئەگەر ریزبەندی بۆ بکەین دەتوانین بڵێین لە هەرێمی کوردستان گرفتی یەکەممان لە رووی ژینگەوە کە پێویستی بە چارەسەرکردنە بریتییە لە هەوا، گرفتی دووەم ئاوە و سێیەمیان خاکە" عەبدولرەحمان سدیق وادەڵێت.
سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد:"لە هەرێمی کوردستان جگە لە ئوتومبیلی سەربازیی، یەک ملیۆن و ٧٧٦ هەزار ئوتومبیل هەیە و رۆژانە لەسەر شەقامەکان کاریان پێدەکرێت".