نوێترین زانیاری لەسەر کەیسی سلێمان هەڵشۆیی

ڕاپۆرت

02/02/2021     ژمارەی بینراو 653

راچڵەکین-

وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە 45 کەس لەسەر دۆسییەی سلێمان هەڵشۆیی دەستگیرکراون، دەشڵێت:" زیاتر لە 1000 و 200 کەس ناوی خۆیان نووسیوە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا".

شۆڕش ئیسماعیل، لە لێدوانێکدا بۆ راچڵەکین وتی:" سکاڵاکان رۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبن و زیاتر لە هەزار و 200 کەس ناوی خۆیان نووسیوە بۆ سکاڵا و زیاتر لە 100کەسیش وتەیان لێوەرگیراوە".

ئاماژەی بەوەشکرد:" ئێستا لە قۆناغی سەرەتای لێکۆڵینەوەکانداین، چونکە هەر کەسێک لای پۆلیس وتەی لێوەردەگیرێت دەبێت لە دادگاش وتەی لێوەربگیرێت، بۆیە کاتی زۆری دەوێت هەر کاتێک گەیشتینە دەرئەنجامێکی تەواو ئەنجامەکەی بۆ رایگشتی بڵاویدەکەینەوە".

سەبارەت بەوەی کە بڕی پارەکە چەندە و لە کوێ دانراوە وتیشی:" تا ئێستا نازانرێت بڕی پارەکە چەندە و لە کوێیە".

پۆلیسی راپەڕین دەشڵێت:" ئەو بازرگانە بە ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەر کراوە، رۆژ بە رۆژیش ژمارەی سکاڵاکان لەسەر زیاد دەبن".

ئەوە لە کاتێکدایە ئەمڕۆ بەشێک لە خاوەن قەرزەکانی سلێمان هەڵشۆیی سەردانی گۆڕی مامجەلالیان کرد و داوایانکرد هاوسەرۆکانی یەکێتی کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکات.

دوایین پۆستی سلێمان هەڵشۆیی کە لە فەیسبووکەکەی خۆی نووسیویەتی دەڵێت "مرۆڤ کاتێک بە خۆشەویستییەوە پیشەیەک لە ژیانی رۆژانەیدا دەکات، ھەرگیز رووبەڕووی شکست و کەوتن نابێتەوە، بەڵکو ھەوڵدانی بەردەوامی وای لێدەکات ببێتە کەسێکی سەرکەوتوو. منیش یەکێکم لەو کەسانەی کە بەردەوام لە بوارەکەی خۆمدا سەردەکەوم و ھەمیشە لە گەورەبووندام، ئەو کەسانەی کە ئارەزووی کەوتنی من دەکەن ھەرگیز کەوتن و شکستی من بە چاوەکانیان نابینن."
 
رۆژی شەممە 20-12-2020 سلێمان هەڵشۆیی کە گەنجێكی سنوری ئیدارەی راپەڕینە و لەماوەی رابردوودا وەك بازرگان دەركەوتووەو خەڵكێكی زۆر پارەیان پێداوە بەمەبەستی قازانجكردن، لە چەند رۆژی رابردوودا مایەپوچبوونی خۆی راگەیەندو خاوەن قەرزەكانیش چوونە سەر ماڵەكەی، باس لەوە دەكرێت ھەڵشۆیی نزیكەی 35 ملیۆن دۆلاری خەڵك قەرزارەو ئێستا لە پۆلیسی راپەڕین لێكۆڵینەوە لە دۆسیەكەی دەكرێت.
  
سلێمان هەڵشۆیی لە مامەڵەکانیدا لەگەڵ خەڵکی دەستەواژەی "مامەڵەی پشدەرییانە"ی بەکارهێناوە، کە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین و دەڤەری پشدەر بە تایبەتی زۆر لەنێو کاسبکاران بەکاردەهێندرێت، ئەو کەسەی کە دەڵێت بە "مامەڵەی پشدەرییانە" ئەو کەلوپەلە یان ئۆتۆمبێلەت لێدەکڕم بە واتای ئەوەی کە مامەڵەیەکی راستگۆیانە دەکات.

پێشتریش، لوقمان ئۆغز بەگ برادۆستی، ئەندامێكی لیژنەی تایبەت بە كەیسی سلێمانی هەڵشۆیی ئاماژەی بەوەکرد، سلێمان پێی راگەیاندووە كە ئیفلاسی نەكردووەو دەتوانێت پارەی هاوڵاتیان بداتەوە. 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن