بزانە لەناو مۆبایلەكەی بەیان غەریب (بەیۆ) چی دۆزراوەتەوە

هەمەڕەنگ

07/02/2021     ژمارەی بینراو 27809

راچڵەكین –

دوای سێ رۆژ لە دەستگیركردنی بەیان غەریب ناسراو بە (بەیۆ) لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە بە تۆمەتی فریودان و هەڵخەڵەتاندنی ژنان، پۆلیس دەستبەسەر هەردوو مۆبایلی تۆمەتبارەكەدا دەگرێت كە وێنەی نەشیاوی چەندین ژنی تێدابووە.

بەگوێرەی میدیاكانی نزیك لە پارتی، كە لە سەرچاوەیەكی ئەمنییەوە زانیاریی وردیان لەبارەی رۆژی دەستگیركردنی بەیان غەریب وەرگرتووە، ئاشكرایانكردووە دەستگیركردنی (بەیۆ) لەسەر سكاڵای ژنێك بووە، كە لە سلێمانییەوە هاتووەتە هەولێر و تۆمەتی هەڵخەڵەتاندنی كچەكەی ئاراستەی بەیان غەریب كردووە، لەسەر ئەو سكاڵایەش هێزە ئەمنییەكانی هەولێر كاتكۆ 11ی شەوی 4-2-2021 هەڵدەكوتنەسەر شوێنی كارەكەی و دەستگیری دەكەن.

وەك میدیاكانی نزیك لە پارتی بڵاویانكردووەتەوە، ئەو ژنەی سكاڵاكەی تۆماركردووە، لە سكاڵاكەیدا باسی لەوەكردووە كە كچەكەی تەمەنی 23 ساڵەو ماوەی 10رۆژ بوو لە ماڵەوە هەڵاتبوو، هەرچەندە دواتر ویستوویەتی بچێتەوە ماڵەوە، بەڵام لەلایەن چەند كەسێكەوە هەڕەشەی لێكراوە، كاتێكیش پرسیاریان لەبارەی ئەو كچە هەڵاتووە لە بەیان غەریب كردووە، ئەویش پەیوەندی بە كچەكەی خۆیەوە كردووە، ئەو هاتووەو شوێنی كچە هەڵاتووەكەی بە پۆلیس وتووە، كە لەلای كوڕێكە.

ئەوەش ئاشكراكراوە، لەكاتی دەستگیركردنی بەیان غەریب، دوو مۆبایلی پێبووە، كە پڕ بوون لە وێنەی نەشیاوی چەندین ژن.

رائیدی مافپەروەر رێباز زێوەر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر، لەبارەی ئەم كەیسەوە رایگەیاندووە، بەیان غەریب كە چەندین سكاڵای دیكەی لەسەری تۆماركراوە بەتۆمەتی هەڵخەڵەتاندنی ئافرەتان، لەئێستادا بەپێی ماددەی 240، كە تایبەتە بە سەرپێچی، دەستبەسەركراوە.

 

رۆژی 4-2-2021، هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر راگەیاند، بەیان غەریب بەهۆی تۆماركردنی سكاڵای یاسایی لەدژی و لەسەر بڕیاری داواكاری گشتی، لەلایەن هێزەكانی پۆلیسەوە دەستگیركرا.

وتیشی:" ئەو ژنە تۆمەتی فریودان و هەڵخەڵەتاندنی ژنانی خراوەتەپاڵ و لەسەر ئەو بابەتەش چەندین سكاڵای یاسایی لەلایەن هاووڵاتیانەوە لەدژی تۆماركراوە".


داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن