"بەسێ مەرج حكومەتی هەرێم دەتوانێت مووچە بەبێ لێبڕین دابەش بكات"

ئابوری

3 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 1129

راچڵەكین-

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، حكومەتی هەرێم بەسێ مەرج دەتوانێت مووچەی فەرمانبەران دابەش بكات و بڕێك پارەی تریشی بۆ بمێنێتەوە

عەلی حەمەساڵح لەهەژماری تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە:"داھاتی نەوت و چاكسازی 
ھەرێمی كوردستان ڕۆژانە نزیكەی 464 ھەزار بەرمیل بەرھەم دێننێت، ئەو داھاتەشی دەدرێتە وەزارەتی دارایی بۆ موچە   225 ملیۆن دۆلارە، بەمەش لە ھەر بەرمیلێك 16،16 ( شازدە دۆلارو شازدە سەنت دەمێنێتەوە)"

 دەشڵێت، بە ھەموو پێوەر و لێكدانەوەكان ئەم بڕە زۆر كەمە، ھۆكارەكەشی بۆ گەندەڵی و گرێبەستە خراپەكان دەگەڕێتەوە:

یەك:  بە نزیكەی 12 دۆلار كەمتر لە نرخی برێنت نەوتەكە فرۆشرا، ئەمەش داشكاندنێكی ئێجگار زۆرە، تاوەكو ئێستا میكانیزمی فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی كوردستان ناڕوونە و پێویستی بە پێداچونەوەیە.

دوو: كرێی بۆری، ساڵی 2019 بۆ ھەر بەرمیلێك 8 دۆلار زیاتر بووە و سالی 2020 بەھۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ 6 دۆلار كەمی كرد!! ئەمەش بڕێكی ئێجگار زۆرە.

سێ: شایستەی دارایی و قازانجی كۆمپانیا نەوتیەكان، بەھۆی گرێبەستی خراپ و گەندەڵی و گرانی و قۆرخكاری لە خزمەتگوزاری بۆ كۆمپانیا نەوتیەكان و سكویرتی كێڵگە نەوتیەكان و سیستمی موچەی كۆمپانیاكان، كە كۆی ئەم خەرجیانە لە داھاتی نەوت وەردەگیرێتەوە، وای كردوە ئەو پارەی دەدرێتە كۆمپانیاكان زۆر لەو داھاتە زیاتر بێت كە بۆ خەزێنەی گشتیە.

چوار: كارنەكردن لە پیشەسازی نەوت، كە  لە ڕووی دارایی و ژینگەو سیاسیەوە ھەرێمی كوردستان قازانجی دەكرد. پێداچونەوە بۆ ھەموو قۆناغەكانی نەوت لە بەرھەم بۆ فرۆشتن.  باشترین بژاردەیە. 

عەلی حەمەساڵح دەڵێت، بەدڵنیایی،ھەرێم دەتوانێت موچەی خۆی دابین بكات بەبێ لێبڕین، بەم مەرجانە :
لە بەرمیلێك نەوت 30 دۆلار بمێنێتەوە زیاتر لە 605 ملیار دینار دەكات، خاڵە سنوریەكان كۆنتڕۆڵ بكرێت و پیداچونەوە بەكاری كۆمپانیاكان بكرێت  داھای دەگاتە 250 ملیار دینار،
ئێستا داھاتی باج نزیكە 85 ملیار دینارەو چاكسازیەكی باشی تێدابكرێت دەگاتە 150 ملیار دینار، واتە بەم سێ ڕێگا داھات 100 ملیار دیناری زیاترە لەو پارەی بۆ موچە پێویستە.
 
"ئەمە جگە لە داھاتی رسومات كە بڕێكی باشە بۆ خەرجی بەكاربردن بەكاربێت، یاسای چاكسازیش وەك خۆی جێبەجێبكرێت بڕی پارەی پێویست بۆ موچەش كەم دەبێتەوە. "

"بەمەش جگە لە توانای دابینكردنی موچەو خەرجی بەكاربردن نزیكەی 150 ملیار دینار بۆ پرۆژە لەبەردەست دەبێت و بە پێدانی موچەو دەستپێكردنەوەی پرۆژە ئەم داھاتانەش زیاتر دەبێت."

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان لە كۆتاییدا دەڵێت:" ڕێككەوتن لەگەڵ عێراق لەم كاتەدا بژارەدەیەكی دروستە، بەڵام چارەسەر بۆ ئایندە  چاكسازیە لە ناوخۆی كوردستان... 
ئایا ئەمە دەكرێت؟ "

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن