بكوژی جۆرج فلۆید دادگایی دەكرێتەوە

جیهان

24/02/2021     ژمارەی بینراو 219

راچڵەكین-

دادگای پێداچوونەوەی ویلایەتی مێنیسۆنا داوایەكی داواكاری گشتی بۆ دادگاییكردنەوەی دێریک شۆڤین بكوژی (جۆرج فلۆید) بەتۆمەتی كوشتنی پلە سێ، پەسەندكرد. بڕیارە دانیشتنی دواتری دادگاییكردنەكە لە مانگی داهاتوودا بەڕێوەبچێت.

دێریک شۆڤین، ئەو پۆلیسە ئەمریكییە بوو كە جۆرج فڵۆید-ی دەستگیركرد و لە كاتی دەستگیركردنیدا بەهۆی دانانی ئەژنۆی لەسەر ملی فلۆید بووە هۆی گیان لەدەستدانی.

لە 22ی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو، دێریک شۆڤین بە تاوانی كوشتنی پلە سێ دادگایی كرابوو، بەڵام بە فەرمانی دادوەر تۆمەتەكەی گۆڕابوو بۆ كوشتنی پلە دوو و بڕیاربوو دادگاییكردنی بەو تۆمەتە بەردەوام بێت.

كوشتنی پلە سێ بە مانای كوشتنی پلان بۆدانەڕێژراو دێت كە لە ئەنجامی رووداوێكی نەخوازراودا رووبدات، بەڵام كوشتنی پلە دوو، ئەو جۆرەی كوشتنە كە بەهۆی كەمتەرخەمی یان كاردانەوە لە كاتی رووداوەكەدا رووبدات.

دێریک شۆڤین لە ئایاری 2020دا بەندكرا و دواتر لە 10ی تەمووزی 2020 لە بەرامبەر كەفالەتی یەك ملیۆن دۆلار ئازاد كرا. 

سێ پۆلیسی دیكەش كە لە تاوانی كوشتنی فڵۆید-ەوە گلابوون بە كەفالەتی 750 هەزار دۆلار ئازادكران.

 جۆرج فڵۆید-ی تەمەن 46ساڵ لە 25ی ئایاری ساڵی رابردوو و لە میانی دەستگیركردنیدا، بەهۆی ئەوەی پۆلیسێك بۆ ماوەیەكی درێژ ئەژنۆی لەسەر ملی دانا، گیانی لەدەستدا و ئەم رووداوەش توڕەیی و خۆپیشاندانی گەورەی لە شەقامی ئەمریكیدا دروستكرد.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن