راچڵەكین-
سەرۆكی ئەمریكا، رووداوەكەی ئەمڕۆی بەردەم كۆنگرێس بە ''هێرشی توند'' ناوزەند كرد، كە بووە هۆی گیانلەدەستدانی پۆلیسێك و برینداربوونی یەكێكی دیكە.
دوا نیوەڕۆی رۆژی هەینی بە كاتی واشنتن دی سیی پایتەختی ئەمریكا، كەسێك بە ئۆتۆمبێلەوە خۆی كردە نێو پۆلیسی پارێزەری باڵەخانەی كۆنگرێسدا، لە ئەنجامدا پۆلیسێك كوژرا و یەكێكی دیكەش برینداربوو، شۆفێرەكەش دوای برینداركردنی و دەستگیركردنی لەلایەن پۆلیسەوە، گیانی لەدەستدا.
جۆ بایدن- سەرۆكی ئەمریكا لەراگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە:" ''من و جیل-ی هاوسەرم، زۆر نیگەرانین بە بیستنی هەواڵی ئەو هێرشەی توندەی لە خاڵێكی ئەمنیی كۆنگرێسی ئەمریكا روویدا و، بووە هۆی گیانلەدەستدانی كارمەندی پۆلیس ویلیام ئیڤان و برینداربوونی هاوكارێكی''.
بایدن ئاماژەی بەوەكرد، پرسەنامەی ئاڕاستەی خانەوادە و كەسوكاری ئیڤانس كردووە و، بە بەردەوامی زانیاری لە راوێژكاری ئەمنیی ناوخۆ لەبارەی رووداوەكە وەرگرتووە.
جۆ بایدن، سوپاسی پۆلیسی كۆنگرێس و گاردی نیشتمانی كرد كە دەستبەجێ بەرپەرچی هێرشەكەیان داوەتەوە، هاوكات ئاماژەی بەوە كرد كە فەرمانی كردووە ئاڵاكانی كۆشكی سپی تا نیوە داگرن بۆ گیانلەدەستدانی ئەو پۆلیسە.
دوای رووداوەكە، یۆگاناندا پیتمان- سەرۆكی پۆلیسی كۆنگرێسی ئەمریكا بە وەكالەت رایگەیاند، فەیسبووكی هێرشكارەكەی دوێنێی سەر كۆنگرێس دەریدەخات كە لایەنەگری رابەری رێكخراوی نەتەوەی ئیسلامە.
رێكخراوی نەتەوەی ئیسلام لە ساڵی 1930 لە دیترۆیتی ئەمریكا لەسەر دەستی واڵیس فارد محەممەد دامەزراوە و بانگهێشتی ئیسلام لە ئەمریكا دەكات و زیاتر تیشك دەخاتە سەر رەشپێستەكانی ئەو وڵاتە. یۆگاناندا پیتمان راشیگەیاند، نۆوا گرین تاوەكو ئێستا لە ئەرشیڤی پۆلیسی كۆنگرێس پێشینەی تاوانی نییە و نەناسراوە.
رێكخراوی نەتەوەی ئیسلام بزووتنەوەیەكی ئایینی و سیاسییە و ئەمریكییەكان بۆ ئایینی ئیسلام بانگهێشتدەكات. ژمارەی ئەندامانی سەرووی 50 هەزار كەس دەبن. بارەگا سەرەكییەكەی لە مزگەوتی مەریەم یان محەممەد 2 ـە لە شیكاگۆ.