یەكێتی مامۆستایان داوای هەمواركردنەوەی یاسای بودجە دەكات

عێراق

04/04/2021     ژمارەی بینراو 353

راچڵەكین –

یەكێتی مامۆستایانی عیراق داوای هەمواركردنەوەی یاسای بودجەی 2021 دەكات بۆئەوەی بڕگەیەكی تایبەت بە پاراستنی مافی ئەو مامۆستایانەی تێدا زیاد بكرێت، كە بەگرێبەستی كاتی و بەشێوەیەكی خۆبەخشانە وانە دەڵێنەوە، داواش لەسەرۆك كۆمار دەكات واژۆ لەسەر یاساكە نەكات و رەتیبكاتەوە، ئەگەر ئەو هەموارەی تێدا نەكرێت.

عەباس سودانی، نەقیبی یەكێتی مامۆستایانی عیراق، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ماوەی 10 ساڵە دەیان هەزاران مامۆستای خۆشبەش بەگرێبەستی كاتی وانە دەڵێنەوە، بەڵام تائێستا هیچ بڕە پارەیەكیان لەبەرامبەر پێشكەشكردنی ئەو خزمەتە وەرنەگرتووە.

وتیشی:" یەكێتی مامۆستایان پاڵپشتی لە داواكاری ئەو مامۆستا خۆبەخشانە دەكات و لەهەوڵەكانیشمان بەردەوام دەبین بۆئەوەی لە یاسای بودجەی 2021 گرێبەستی ئەو خۆبەخشانە بكرێتە گرێبەستی هەمیشەیی و لەبەرامبەر وانەوتنەوەدا مووچەی مانگانەیان پێ بدرێت".

نەقیبی یەكێتی مامۆستایانی عیراق داوای لە د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق كرد، یاسای بودجە واژۆ نەكات و بیگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان، بۆئەوەی لە بەرژەوەندی مامۆستایانی خۆبەخش هەمواربكرێتەوە.

هەرچەندە لە یاسای پەسەندكراوی بودجەی 2021ی عیراق، بڕگەیەكی تێدایە تایبەت بە پێدانی بەخششێك بە مامۆستایانی خۆبەخش، بەڵام بڕی پارەكەو میكانیزمی دابەشكردنی دیاری نەكراوە.

بەوتەی نوێنەری مامۆستا خۆبەخشەكان، نزیكەی 140 هەزار مامۆستا لەپارێزگاكانی عیراق (جگە لە هەرێمی كوردستان) بەشێوەی گرێبەستی كاتی و خۆبەخشانە لەكەرتی پەروەردەو فێركردن وانە دەڵێنەوە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن