ڤاکسینی ئەسترازێنێکا زیانی هه‌یه‌؟

تەندروستی

05/04/2021     ژمارەی بینراو 693

ڤاکسینی ئەسترازێنێکا زیانی هه‌یه‌؟


ڕاچڵه‌كین-

چی دەزانین لەسەر مەترسی درووستبوونی جەڵتە لەگەڵ بەکارهێنانی ئەو ڤاکسینە تا ئێستا؟ ژمارەکان چیمان پێ دەڵێن؟

دكتۆر ئه‌حمه‌د پزیشکی نەخوشیەکانی کوێرە ڕژێنەکان و شەکرە باس له‌وه‌ ده‌كات"زۆربەی ئامارەکانی بەردەستن لە ووڵاتانی ئەڵمانیا و بریتانیاوە  هاتوون، لە ئەڵمانیا لە ٢.٧ ملیۆن کەس کە ڤاکسینەکەیان وەرگرت، ٣١ کەس تووشی جەڵتە بوون. لە بریتانیا لە ١٨ ملیۆن کەس ٣٠ کەس تووش بوون.

ئه‌م پزیشكه‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌ ئایە دڵنیایین کە ڤاکسینەکە هۆکاری جەڵتەکانە؟
لەڕاستیدا، نەخێر لەبەرئەوەی لە زانستی پزیشکی تا بتوانی بە دڵنیاییەوە بڵێی شتێک دەبێتە هۆکاری شتێکی دیکە دەبێت بتوانی بسەلمێنی کە "پەیوەندی هۆکاری Causal Association"  هەیە لە نێوان ئەو دوو شتە. ئەو زانیاریانەی تا ئێستا بەردەستن ئەو پەیوەندییەیان پێ ناسەلمێنرێت.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ی‌ ئایا ئەگەر هۆکارەکە ڤاکسینەکە نەبێت، ئەی ئەبێ چی بێت؟
دكتۆر محه‌مه‌د باس له‌وه‌ ده‌كات مەیینی خوێن بە شێوەیەکی ئاسایی بێ هیچ هۆکارێکی دیاریکراو لەوانەیە درووست بێت، بۆ نموونە، لە دانیمارک کە هاوشێوەی زۆربەو ووڵاتانی دیکەی ئەوروپایە، لە ماوەی یەک مانگدا، لە هەر ٥ ملیۆن کەسدا ٧٣٦ کەس تووشی مەیینی خوێن دەبن.

ئەم ژمارەیە زۆر گەرورەترە لە ژمارەکانی کەیسی مەیینی خوێن لەگەڵ بەکارهێنانی ڤاکسینەکان، شایەنی ئاماژەپێکردنە کە لەوانەیە کەیسی دیکە هەبن کە تووشی جەڵتە بوونە پاش وەرگرتنی ڤاکسینەکان بەڵام تا ئێستا پێیان نەزاندراوە و نەچوونەتە ئامارەکانەوە. هەروەها داتای تەمەنی کەسەکانی کە تووشبوونە لەگەڵ ڕەگەزیان تا ئێستا بە تەواوی بەردەست نین. بۆیە بە بەردەوامی ئەم داتایانە پێویستە پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت.

چی وایکرد کە ترس درووست بێت؟ حاڵەتەکان چییان جیا بوو لە حاڵەتی مەیینی خوێنی ئاسایی؟
 زۆربەی جەڵتەکانی درووستبوون لە خوێن هێنەرەکانی سەر درووست بوون، و هەروەها خەپلەکانی خوێن لە هەندێک لەنەخۆشەکان کەم دەبوون. بۆیە ترسی ئەوە درووست بوو کە ڤاکسینەکە ڕۆڵی هەبێت، لەبەرەوەی ئەوە شتێک نییە کە ببینرێ بەزۆری لە حاڵەتی خوێن مەیین. بەڵام دووبارە پەیوەندییەکە نەسەلمێنراوە.

ئایە مەیینی خوێن لەگەڵ ڤاکسینەکانی دیکە ریپۆرت کراوە؟
 بەڵێ، لەگەڵ ڤاکسینی ڤایزەریش ڕوویدا، لە بریتانیا دوو کەیس لە ١٠ ملیۆن کەس کە ئەو ڤاکسینەیان وەرگرت تووشی مەیینی خوێن بوون.

ئێستا چی بکەین؟ ڤاکسینەکە وەرگرین یان نا؟
 هەموو دەرمانێ تەنانەت پاراسیتۆڵیش لەوانەیە کاریگەری خراپی هەبێت، ڤاکسینی کۆڕۆنا کەیسەکەی هیچ جیاوازیەکی نییە لەگەڵ دەرمانەکانی دیکە.

زانست و ژمارەکان پێمان دەڵێن کە پێویستە وەریگرین، لەبەرەوەی ئێمە دڵنیایین کە ڤاکسینەکە لە کۆڤید دەمانپارێزێ، بەڵام دڵنیا نین لەوەی مەیینی خوێن دەکات، بەڵام گریمان ئەگەر ئەو پەیوەندییە سەلمێندرا، هێشتا وەرگرتنی ڤاکسینەکە لە وەرنەگرتنی باشترە، بپرسە بۆ.

هۆکارەکە ئەوەیە بێ ڤاکسین لە هەر ملیۆن کەس کە تەمەنیان لە ٦٠ ساڵ گەورەتر بێت ئەگەر تووش کۆڕۆنا بوون ٢٠ هەزارییان گیان لەدەست دەدەن، و بۆ ئەوانەی تەمەنیان ٤٠ ساڵە ١٠٠٠ کەسیان گیانیان لەدەست دەدەن. بەڵام ئەگەری گیان لەدەستدان بە ڤاکسینەکە تەنها یەکە لە ٢.٥ ملیۆن کەس (بە پێی ئەو داتایەی بەردەستە)

 بە کورتی و  بە کوردی، سوودەکانی ڤاکسین وەرگرتن زۆر زیاترن لە مەترسییەکانی ڤاکسینەکە وەرگرن لەبەرئه‌وەی تەنها ڕێگایە ڕزگارمان بێت لە کۆڕۆنا.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن