كۆڕۆنا بەشێوەیەكی مەترسیدار لەتوركیا بڵاودەبێتەوە

جیهان

06/04/2021     ژمارەی بینراو 375

راچڵەكین -

ڤایرۆسی كۆڕۆنا بەشێوەیەكی مەترسیدار لە توركیا تەشەنە دەكات و لە 24 كاتژمێری رابردوودا دەیان هەزارو حاڵەتی تووشبوونی تێدا تۆماركراوە و زیاتر لە 210 كەسیش بەهۆی كاریگەریی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی تەندروستیی توركیا بڵاویكردەوە، لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، 49 هەزارو 584 كەسی دیكە تووشی كۆڕۆنا بوون و 211 تووشبووش گیانیان لەدەستداوە، كە بەرزترین ژمارەی تووشبوون و مردنە لەوەتەی پەتاكە لە توركیا بڵاوبووەتەوە.

وەزارەتەكە لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، لەئێستادا كۆی گشتیی تووشبووانی كۆڕۆنا لەو وڵاتە بۆ سێ ملیۆن و 579 هەزار و 185 حاڵەت بەرزبووەتەوە، كە دوو هەزارو 477 نەخۆش لە دۆخێكی ناجێگیردان و باری تەندروستیان خراپە، ژمارەی گیانلەدەستدانیش گەیشتووەتە 32 هەزار و 667 كەس.

بەپێی ئاماری ماڵپەڕی Worldometer كە رۆژانە لەبارەی پێشهاتەكانی پەیوەندیدار بە كۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهان زانیارییەكانی نوێ دەكاتەوە، توركیا لەریزبەندی وڵاتانی جیهاندا گەیشتووەتە پلەی هەشتەم لەڕووی زۆریی ژمارەی تووشبووان.

لەوەتەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە توركیا بڵاوبووەتەوە، حكومەتی ئەو وڵاتە لەچوارچێوەی رێكارەكانی خۆپارێزی، چەندین جار قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەریی لەوڵاتدا راگەیاندووە، بەڵام سەرباری توندكردنی رێوشوێنەكانی خۆپارێزییش، رێژەی تووشبوون و مردن بە كۆرۆنا لە توركیا روو لە هەڵكشانی بەردەوامە.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن