به‌ریتانیا ڕێنمایی نوێ له‌سه‌ر ڤاكسینی ئه‌سترازینیكا بڵاوكرده‌وه‌

تەندروستی

07/04/2021     ژمارەی بینراو 431

به‌ریتانیا ڕێنمایی نوێ له‌سه‌ر ڤاكسینی ئه‌سترازینیكا بڵاوكرده‌وه‌


ڕاچڵه‌كین-

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکەی ئەمڕۆی ئاژانسی بریتانی بۆ ڕێکخستنی دەرمان و خزمەتگوزاری تەندرووستی (MHRA)  ، ئەنجامەکانی دوابەدواچونەوەکەی بۆ پەیوەندی ئەو ڤاکسینە بە مەیینی خوێنەوە هەیە، ئاشکرا کرا، دكتۆر ئه‌حمه‌د پزیشكی هه‌ناوی له‌ به‌ریتانیا دیارترین ڕێنماییه‌كانی به‌ چه‌ند خاڵێك باسكردوه‌.

 یەکەم: تووشبوون بە مەیینی خوێن ئەکرێ پەیوەندی هەبێت لەگەڵ بەکارهێنانی ڤاکسینەکە، بەڵام پەیوەندی ڕاستەوخۆ پێوەی هێشتا نەسەلمێندراوە بە پێی ستاندەردی زانستی.

دووەم: ئەگەری تووشبوون بە مەیینی خوێن زۆر کەمە و بەراوورد ناکرێت لەگەڵ سوودەکانی بەکارهێنانی ڤاکسین.

سێیەم: پڕۆسەی دابەشکردنی ڤاکسین دەبێت بەردەوامبێت وەکوو چۆن پلانی پێشتر بۆ داندرابوو.

چوارەم: ئەوانەی یەکەم ژەمەدەرمانی ڤاکسینەکەیان وەرگرت پێویستە دووەم ژەمە دەرمان لەکاتی خۆیدا وەرگرن.

پێنجەم: بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان ١٨ و ٢٩ ساڵە (و لە مەترسیەکی گەورەترا نین لە تووشبوون بە کۆڕۆنا بە هۆی نەخۆشی دیکەوە کە کاریگەری هەبێت لەسەر بەرگری جەستەیان)، باشتر وایە ئەم کەسانە ڤاکسینێکی دیکە وەرگرن «ئەگەر بەردەستبوو بۆیان». ئەوەشیان دووپاتکردەوە کە ئەم پێشنیارە تەنها هۆکاری ئەوەیە کە "دەیانەوێت زۆر بە حەزە بن" و "لەبەر هیچ مەترسییەکی سەلامەتیی گەورە نییە"

شەشەم: بۆ ئەوانەی لە گرووپەکانی دیکەی تەمەندان، سوودەکانی ڤاکسینەکە زۆر زیاترن بە بەراوورد بە مەترسییەکانی ئەگەری تووشبوون بە کۆڤید، بە تایبەتی بۆ ئەوانەی کە بە تەمەنن. بۆ ئەوانەی تەمەنیان لە سییەکاندایە دەکرێت دەرفەتی ئەوەیان بدرێتێ کە ڤاکسینەکە وەرگرن یا هەڵبژێرن کە ڤاکسینێکی دیکە وەرگرن.

 حەوتەم: چۆنیەتی زانین کە سوودەکان زیاترن لە مەترسییەکان بڕیاری لەسەر دەدرێت بە پێی ژمارەی تووشبوون بە کۆڤید لە هەر سەد هەزار کەس بۆ هەر گرووپێکی تەمەن:
١. ٢٠ کەیس لە ١٠٠،٠٠ کەسدا، دادەندرێت بە حاڵەتی مەترسی نزم.
٢. ٦٠ کەیس لە ١٠٠،٠٠ کەسدا، دادەندرێت بە حاڵەتی مەترسی مامناوەندی.
٣. ٢٠٠ کەیس لە ١٠٠،٠٠٠ کەسدا دادەندرێت بە حاڵەتی مەترسیی کوشندە (لەم حاڵەتەدا تەنانەت گەنجەکانیش (١٨ ساڵ بۆ ٢٩ ساڵ) هەژماردەکرێن بەوەی لە حاڵەتی مەترسیدان).

هەشتەم: دووپاتیان کردەوە کە ئەم ڕێنماییانە گونجاون بۆ  بریتانیا بەپێی ئەو بارودۆخەی کە وڵاتەکەی تێدایە لە لایەنی کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسەکەوە (بریتانیا یەکێکە لە سەرکەوتووترین وڵاتەکان لە دابەشکردنی ڤاکسیندا)، و پێویستە هەر وڵات و بڕیاری گونجاو بدات بەپێی بارودۆخی ئەو وڵاتە، و پێویستە بڕیارەکە پەیوەندی هەبێت بە چەن فاکتەرێکەوە، لەو فاکتەرانە:

1- لە چ قۆناغێکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدایە ئەو وڵاتە، ئەم شتە پەیوەندی هەیە بە ڕێژەی تووشبوون بە کۆڤید.
2-  ژمارەی ژەمەدەرمانی ڤاکسینەکانی بەردەستن، و ژمارەی ئەو کەسانەی ڤاکسینیان وەرگرتووە.
3- ڕێژەی گیان لەدەست دان لە وڵاتە.
4-تەمەنەی پێشبینکراو بۆ خەڵک بە گشتی لە وڵاتە.

 نۆیەم: ئەوە دووپاتکرایەوە کە مەترسی تووشبوون بە مەیینی خوێن بە هۆی کۆڤیدەوە زۆر زۆر گەورەترە لە مەترسی تووشبوون بە هۆی ڤاکسینەکەوە، لەبەرەوەی تووشبوون بە کۆڤید مەترسی درووستبوون بە زۆر کێشەی مەیینی خوێن زیاد دەکات، ئەو مەترسییانەش بەم ڕێژانەن:

1- مەترسی درووستبوونی مەیینی خوێن لە سییەکاندا ٦.٩٪
2- مەترسی درووستبوونی مەیینی خوێن لە خوێن هێنەرە قووڵەکان ١١.٢٪
3- مەترسی درووستبوونی مەیینی خوێن لە مێشکدا (جەڵتە) ١.٦٪
4- مەترسی درووستبوونی مەیینی خوێن بە گشتی لەو کەسانەی پێویستیان بە چاودێری چڕ دەبێت بەهۆی نەخۆشیەکەوە ٢٣٪.
5- ڕێژەی تووشبوون بە کەمی خەپلەکانی خوێن بەهۆی کۆڤیدەوە ٣٠٪

شایەنی باسە کە ئاژانسی ئەوروپی  بۆ دەرمان ڕایگەیاند کە دەکرێت مەیینی خوێن بە کاریگەرییەکی لابەلای ڤاکسینەکە دابندرێت بەڵام ئەگەری ڕوودانی زۆر کەمە، و هەروەها ئەوەیان دووپاتکردەوە کە پێیان وایە هێشتا سوودەکانی ڤاکسینەکە زۆر زیاتر و بەنرخترن لە ئەگەری مەترسییەکانی، و پێویستە پێدانی ڤاکسینەکە ڕانەگیرێت بەڵام بەپێی ڕێنماییەکان بێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن