بەریتانیا سەربازەكانی لە ئەفغانستان دەكشێنێتەوە

جیهان

15/04/2021     ژمارەی بینراو 205

راچڵەكین-

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، رایگەیاند، پشتیوانی دەكەن لە كشانەوەی بە بەرنامەی ئەو سەربازە بەریتانیانەی لە ئەفغانستان كار دەكەن.

دۆمینیك راب، لە تویتێكیدا باسی لەوە كردووە، وڵاتەكەی بەمەبەستی پشتیوانیكردن لە ئەفغانستانێكی سەقامگیر كە خاوەن داهاتوویەكی ئاشتیانەبێت لە پاڵ ناتۆ و گەلی ئەفغانستاندا راوەستا.

ئاماژەی بەوەشكردووە، پشتیوانی دەكەن لە كشانەوەی بە بەرنامەی یەكە سەربازییەكانی بەریتانیا لە ئەفغانستان.

لەلایەن خۆشییەوە بێن والاس- وەزیری بەرگریی بەریتانیا، لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد، گەلی ئەفغانستان مافی ئایندەیەكی ئاشتییانە و سەقامگیری هەیە.

وتیشی: ''لە كاتێكدا دەكشێینەوە ئاسایشی ئەو كەسانەمان كە لە ئەفغانستان خزمەت دەكەن لە كاری پێشینەماندا دەمێنێتەوە. روون و ئاشكراین لە بارەی بەرپەرچدانەوەیەكی بەهێزی ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر وڵاتانی هاوپەیمان''.

پێشتریش جۆ بایدن-ی سەرۆكی ئەمریكا، رایگەیاندبوو، لە 1ی ئایاردا دەست دەكەن بە كشانەوەی سەربازانیان لە ئەفغانستان بەتەواوەتی و پێش ١١ی ئەیلوولی ٢٠٢١ ئەو پرۆسەتە تەواو دەبێت.

هاوكات یانس ستۆڵتنبێرگ- سكرتێری گشتیی ناتۆ، لە پاش كۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی كۆنسەی ناتۆ لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوە كرد كە وڵاتانی ناتۆ، هاوڕان لەسەر كشانەوە لە ئەفغانستان لە پێش یەكی ئایاردا.

یانس ستۆڵتنبێرگ باسی لەوە كرد كە لە ئەفغانستاندا، ١٠ هەزار سەربازی ناتۆ هەن، زۆربەی ئەوانەش سەربازی ئەمریكی نین.

سكرتێری گشتیی ناتۆ راشیگەیاند ''لە ماوەی هەفتە و مانگەكانی كۆتاییدا راوێژمان كردووە لەبارەی بوونمان لە ئەفغانستان. لەژێر رۆشنایی بڕیاری كشانەوەی ئەمریكا ئەمڕۆ وەزیرانی بەرگریی و دەرەوەی ناتۆ تاوتوێی ئەو رێگایەیان كرد كە دەگیرێتەبەر و بڕیاردرا لە یەكی ئایارەوە دەستبكرێت بە كشانەوەی هێزەكانی ئەركی پشتیوانی ناتۆ. كشانەوەمان بە بەرنامە، هەماهەنگیی و وریایی-یەوە دەبێت. پلانمان وایە لە چەند مانگێكدا هەموو سەربازان بكشێنینەوە. لەو ماوەیەشدا هەر هێرشێكی تاڵیبان بۆسەر سەربازانمان بە بەهێزی بەرپەرچ دەدرێتەوە. بەیەكەوە چووینە ئەفغانستان، بەیەكەوە هەڵوێستمان دیاریی كرد و بەیەكیشەوە دەردەچین''.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن