کاریگەری ڕۆژوو لەسەر چاو
ڕاچڵهكین-
نەخۆشیەکانی چاو بە پێی کارتێکردنیان لەلایەن ڕۆژووەوە دەکرێن بە دوو گرووپەوە، دکتۆر ماکۆک محمد پزیشکی نەشتەرگەری و نەخۆشیەکانی چاو لهم بابهتهدا كاریگهری ڕۆژوو لهسهر چاو باسدهكات.
یەکەم/ زۆرینەی نەخۆشیەکانی چاو هیچ پەیوەندیەکیان بە ڕۆژووگرتنەوە نیە، نە بە باش و نە بە خراپ، واتە ڕۆژووگرتن نە زیانی هەیە و نە سوودی هەیە بۆیان.
دووەم/ هەندێک جۆری نەخۆشی چاو هەیە باشتر وایە کەسی توشبوو بەڕۆژوو نەبێت، یان بە ڕێنمایی پزیشکی چاو بەڕۆژوو بێت، وەکو هەوکردنی ڕەنگینەی چاو، یان تۆڕەی چاو، یان هەوکردنی دەماری چاو.
تێبینی: ڕۆژوو زیانی بۆ ئەم نەخۆشیانە نیە، بەڵام لەبەر ئەوەی پێویستە لە ڕۆژێکدا چەند جارێک حەب و گولاج
بەکاربێنن بۆیە ناکرێت بەڕۆژوو بن، وە دەتوانرێت ژەمی حەبەکانیش کەم بکرێتەوە و بڕەکەیان لەو ژەمەدا زیاد بکرێت و نەخۆشەکەش بەڕۆژوو ببێت.
سەبارەت بە نەشتەرگەری چاو و پەیوەندییان بە ڕۆژووەوە دەکرێن بە سێ گروپەوە:
یەکەم/ نەشتەرگەری بچوک و مامناوەندی چاو هیچ کارتێکراو نابن بە ڕۆژووگرتن، وەکو نەشتەرگەری گرێی چەوری و زیادەگۆشت و پێڵووی چاو..... هتد
دووەم/ نەشتەرگەری گەورەی چاو، وەکو نەشتەرگەری ئاوی سپی و ئاوی ڕەش و ...، نابێت لە ڕۆژی نەشتەرگەریەکەدا بەڕۆژوو بن، ڕۆژانی دواتر دەتوانرێت ئاسانکارییان بۆ بکرێت بەوەی دەرمانی وایان بۆ بنوسرێت ماوەی ئیشکردنیان زۆربێت و لە ڕۆژێکدا یەک یان دوو جار بەکاربهێنرێت. واتە لەو حاڵەتەدا ئەگەر بەڕۆژووش بن زیانی نابێت.
سێیەم/ نەشتەرگەری کتوپڕی چاو، وەکو بەرکەوتن و برینداربوونی چاو، جیابوونەوەی تۆڕەی چاو، بەرزبوونەوەی کتوپڕی فشاری چاو، ئەمانە نابێت بەڕۆژوو بن هەتا دۆخی چاویان ئاسایی دەبێتەوە.
تێبینی:-
1-باشتر وایە لە کاتی بەڕۆژوبووندا قەترەی فرمێسک بەکاربهێنرێت بۆ پاراستنی چاو لە وشکبوونەوە.
2- ڕۆژووگرتن نابێتە هۆی دروستبوونی هیچ نەخۆشییەکی چاو.
3- ڕۆژووگرتن هیچ نەخۆشییەکی چاو خراپتر ناکات ئەگەر نەخۆشەکە بە شێوەیەکی باش چارەسەرەکان بەکاربهێنێت.
4- هیچ قەترە و مەرهەمێکی چاو ڕۆژوو ناشکێنێت، هەست بە تامی تاڵی قەترەکە دەکرێت بەڵام بەهیچ شێوەیەک ناگاتە گەدە و زەرەری بۆ ڕۆژوو نابێت.