كام ڤاكسین دەبێتە ھۆی خوێن مەیین؟

تەندروستی

19/04/2021     ژمارەی بینراو 609

 لە كوردستان سێ جۆری ڤاكسین بەكاردێت ، ئەوانیش سینۆفارم و ئەسترازێنیكاو فایزەر. لە ماوەی چەند ھەفتەی ڕابردوو كێشەی خوێن مەیین بە ھۆی ڤاكسینەكان بووە باسی ھەموو جیهان و میدیاو سۆشیال میدیای بەخۆی سەرقاڵ كرد.

حەزدەكەم لەم چەند خاڵەدا بە كورتی ڕاستییە زانستییەكان بخەمەڕوو و شیكردنەوەیەك بۆ ئەو ڤاكسینانە بكەم، كە لەئێستاو داھاتوودا لە كوردستان بەكاردەھێنرێت.

1-دیاردەی خوێن مەیین پێش سەرھەڵدانی كۆرۆنا و ڤاكسینەكان ھەر ھەبووەو ئێمەی دكتۆر رۆژانە حاڵەتی خوێن مەیین دەستنیشان و چارەسەر دەكەین، دیارە ئەوەی تێبینی كراوە دوای ڤاكسین كێشەی خوێن مەین لە ھەندێك ئەندامەكانی لەش روویداوە ، بەڵام ئەوەی زیاتر باس دەكرێت كێشەی خوێن مەیینی یەكێك لە خوێن ھێنەرەكانی مێشكە، ئەو حاڵەتە پێش كۆرۆناش ھەر ھەبووە، ھەنووكە ئەو ئامارانەی كە لەژێر دەستن وا نیشان دەدەن كە ژمارەی ئەو حاڵەتە لەو كەسانەی كە ڤاكسینیان وەرگرتووە، ھەندێك زیاترە بە بەراوردكردن بە دۆخی ئاسایی، ئەمەش لێكدانەوەی ئەوەی بۆ دەكرێت كە ئەو دیاردەی خوێن مەیین-ە پەیوەندی بە ڤاكسینەكان ھەبێت.

2-لە ئەوروپاو ئەمریكا گرنگییەكی یەكجار زۆر بە ئامارەكان دەدرێت، دیارە سەلامەتی دەرمان و ڤاكسین زۆر بە ووردی چاودێری دەكرێت. لە ئەگەری ھەر كێشەیەكی لاوەكی یاخود مردن بە ووردی تۆمار دەكرێت، لەبەر ئەوە ئامارەكان جێگای باوەڕی خەڵك و ناوەندە زانستییەكانن . ئەوەی تاكوو ئێستا تێبینی كراوە لەھەر ملیۆن كەسێك كە ڤاكسینی ئەسترازێنیكا وەردەگرن ، پێنج كەس تووشی خوێن مەیین دەبن لە مێشك . سەرەتا وا نیشاندرا كە ئەم دیاردەیە دەگمەنە تەنھا لە ڤاكسینی ئەسترازێنیكا بوونی ھەیە ، بەڵام لە چەند رۆژی ڕابردوو دەركەوت ھەمان كێشە لە ڤاكسینی فایزەریش تێبینی كراوە بەرێژەیەكی تۆزێك كەمتر . 
ھەرچەندە داتای وورد و باوەرپێكراو بۆ ڤاكسینی سینۆفارم بەردەست نییە، بەڵام وا دەردەكەوێت كە كێشەی خوێن مەیین زۆر كەمتر بێت بە بەراوردكردن لەگەڵ ڤاكسینەكانی تر.

3-.دیارە لە ئەگەری روودانی خوێن مەیین ، چارەسەری ھەیە ، بۆیە رێژەی مردن بە ھۆی كێشەی خوێن مەیین بەپێی ئەو ژمێریارییەی لەژێردەستە لە ھەر ملیۆن كەسێك تەنھا یەك كەسە.

4-ڤاكسینەكان كاریگەرن لە كەمكردنەوەی رێژەی تووشبوون بەو پەتایە بە رێژەی جیا جیا ، بەڵام ئەوەی تێبینی كراوە ھەموو ڤاكسینەكان زۆر كاریگەرن لە كەمكردنەوی رێژەی تووشبوون بە توندی بە پەتاكە . وا دەبینرێت ئەو كەسەی كە ڤاكسین وەردەگرێ لە ئەگەری تووشبونیش پێویستی بە نەخۆشانە نابێت. ھەرچەندە چەند رۆژێك پێش ئێستا لێكۆڵینەوەیەك لە ئەمریكا وا نیشان ئەدات كە تەنانەت ئەو كەسانەی ڤاكسینیش وەردەگرن بۆی ھەیە بە توندی تووشی پەتاكە ببن و پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە ھەبێت ، بەڵام بە بەروارد لەگەڵ ئەو ژمارەیە زۆرەی خەڵك كە لە ئەمریكا ڤاكسینیان وەرگرتووە یەكجار كەمە، مردن بە ھۆی پەتاكە زۆر دەگمەنە دوای ڤاكسین وەرگرتن .

5-لە ئەمریكا ھەردوو ڤاكسینی فایزەرو مۆدێرنا بەكاردەھێنرێت ، كەچی لە بەریتانیا بە رێژەیەكی یەكجار زۆر ڤاكسینی ئەسترازێنیكا بەكارھاتووە ، ھەندێك لە لێكۆلینەوەكان وا دەردەخەن كە ڤاكسینی ئەسترازێنیكا لە كەسانی بەتەمەن كاریگەرترەو بڕێكی زیاتر لە دژەتەن لە خوێنی ئەو كەسانە بینراوە كە ڤاكسینەكەیان وەرگرتوە بە بەراوردكردن لەگەڵ ڤاكسینی فایزەر، لە راستیدا ڤاكسینی ئەسترازێنیكا زیاتر لەھەر ڤاكسینێكی تر بەكارھاتووە لە سەرانسەری جیھان . تەنانەت رێكخراوی تەندروستی جیھانی دەزانێت كە ئەسترازێنیكا رۆڵی سەرەكی دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو پەتایە. 

رۆژانە ھاووڵاتیانی كوردستان پەیوەندیم پێوەدەكەن، پرسیار دەكەن كام جۆری ڤاكسین باشەو كامیان بەكاربھێنم. لە وەڵامدا دەڵێم ھەموو ڤاكسینەكان باشن و كاریگەرن . كێشەی خوێن مەیین دیاردەیەكی یەكجار كەمە، تەنانەت لە ئەگەری روودانیش چارەسەری ھەیە . بۆیە دەبێت ھەر كەسێك لەو كاتەی بۆی دیاریكراوە ڤاكسینەكان وەرگرن ، چونكە لە چاوەڕوانی ڤاكسینێكی دیاریكراو بۆی ھەیە تووشی پەتاكە بیت و لەو كاتانەدا كێشەی خوێن مەیین بە ھۆی ڤایرۆسەكە بە ھیچ شێوەیەك لەگەڵ ڤاكسینەكان بەراورد ناكرێت . لەئەگەری ئەوەی كە ھەموو ڤاكسینەكان لەھەمان كاتدا لەبەردەست بێت ، دەكرێت ڤاكسینی ئەسترازێنیكا تەرخان بكرێت بۆ كەسانی سەروو تەمەن شەست ساڵی ، چونكە دەزانین لەو تەمەنە دیاردەی خوێن مەین روونادات و ئەگەری ئەوە ھەیە كە ڤاكسینەكە كاریگەرتر بێت . ڤاكسینی سینۆفارم بدرێت بە كەسانی خوار چل ساڵی، چونكە وادەبینرێت كە كیشەی خوێن مەیین لەو ڤاكسینە زۆر كەمە. ڤاكسینی فایزەر بدرێت بە كەسانی چل بۆ شەست ساڵ. من خۆم بڕوای تەواوم بە ھەموو ڤاكسینەكان ھەیە و لەو باوەڕەدام كە ھەر جۆری ڤاكسینێك لەبەردەستە دەبێت بەكاربھێنرێت بە تایبەت ئەو كەسانەی ئەگەری بەركەوتنیان زۆرە یان ھەڵگری نەخۆشین بێ جیاوازی تەمەن.

تا ئێستا زیاتر لە ٩٠٠ ملیۆن ژەمی ڤاكسین دراوە بە خەڵك لە سەرانسەری جیھان ، بە تێپەڕبوونی كات دەردەكەوێت، كە كێشەی خوێن مەیین دەگمەنەو تا دێت ئەو مەترسییە بەرامبەر ڤاكسینەكان كەمتر دەبێتەوە،  دەبێت ئەوەش بووترێت، كە لە مێژووی ڤاكسینەكاندا ھیچ كێشەیەكی تەندروستی لە ماوەی درێژ دوای ڤاكسینەكان بەدی نەكراوە، دیارە  ڤاكسینی دژی ڤایرۆسی كۆرۆناش ھیچ جیاوازییەكی لەگەڵ ڤاكسینەكانی تر نییە، ئەو پروپاگەندانەی دەربارەی ڤاكسینی كۆرۆنا دەكرێت، كە لە ماوەی درێژخایەندا كێشەی تەندروستی دەنێتەوە، ھیچ بنەمایەكی زانستی نییە. كوردستانیانی خۆشەویست ، پێویستە ئێمەی كوردیش وەك نەتەوەكانی تر پێشوازی لە ڤاكسینەكان بكەین و دوودڵ نەبین لە ڤاكسین وەرگرتن ، جا ئەو ڤاكسینە ھەر جۆرێك بێت .

دكتۆر عارف گۆران
پسپۆڕی راوێژكاری نەخۆشییەكانی ھەناو
لەندەن

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن