زانیاری نوێ لەبارەی سزادانی چالاكوانەكانی بادینان بڵاودەكرێتەوە

کوردستان

04/05/2021     ژمارەی بینراو 266

راچڵەكین –
 
پارێزەرێكی چالاكوانە سزادراوەكانی بادینان، دەنگۆی پەسەندكردنی سزای زیندانیكردنی ئەو چالاكوانانە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی هەولێر رەتدەكاتەوەو دەشڵێت: هەواڵەكە درۆیەو دادوەرەكان پێیان وتم كە پەسەندیان نەكردووە.

هەرێم رەفعەت، پارێزەری چالاكوانە گیراوەكانی بادینان، بە میدیاكانی نزیك لە پارتی راگەیاندووە، ئەو هەواڵە راست نییە كە دەڵێت، دادگای پێداچوونەوەی هەولێر 6 ساڵ زیندانیی بۆ گیراوەكان پەسندكردووە، هیچ بڕیارێكی لەو جۆرە پەسندنەكراوە. 

ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشكردووە، دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەكە، ئەمڕۆ چووەتە دادگای پێداچوونەوەو لە دادوەرەكانی پرسیوە ئایا بڕیاری شەش ساڵ بەندكردن بۆ گیراوەكانی بادینان پەسندكراوە، لەوەڵامدا وتیان نەخێر.

ئەمەش لەكاتێكدایە ئەمڕۆ 4-5-2021، حاكم شێخ لەتیف، لەهەژماری خۆی بڵاویكردەوە، دەستەی سزایی دادگای پێداچوونەوەی ھەرێم، كە لە پێنج دادوەر پێكدێن، بەزۆرینەی دەنگی سێ دادوەر، سزای بەندكردنی رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی بادینانی پەسەندكرد.

رۆژی 16-2-2021، دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر، سزای شەش ساڵ زیندانیكردن بەسەر هەریەك لە شڤان سەعید بەڕۆژكی، شێروان شێروانی،  ئەیاس ئەكرەم، هاریوان عیسا و گوهدار محەممەد زێباری سەپاند، كە تۆمەتباركرابوون بە سیخوڕیكردن و كاركردن بۆ تێكدانی سەقامگیری دۆخی ئەمنیی هەرێمی كوردستان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن