ئایا ئیسرائیل غەزە داگیر دەكات؟

ڕاپۆرت

11/05/2021     ژمارەی بینراو 498

ئاماژە نهێنییەكانی پشت هێرشەكەی ئیسرائیل

 

د. سەنگەر سەید قادر

ئیسرائیل پێویستی بەو شەڕەیە بۆ نیشاندانی مەترسییەكانی موشەكەكانی ئێران لە سوریا و غەزە و لوبنانەوە بۆسەر ئیسرائیل، بۆ ڕێگری لە ڕێككەوتنی ئێران و ئەمەریكا.

ناتانیاهۆ دوای شكستهێنانی لە پێكهێنانی حكومەتدا، پێویستی بە ئەو شەڕەیە بۆ رێگری لە لابیدی سەرۆكی بەرەی ئۆپۆزسیۆن كە راسپێردراوە بۆ پێكهێنانی حكومەت.

ئیدارەی بایدن هاوشێوەی ترەمپ پشتیوانی ئێسرائیل ناكەن بۆ راكێشان و جوڵاندنی رایگشتی ئەمەریكا، ئەم شەڕە پێویستە بۆ ئیسرائیل.

هەرچی ئێرانە دەیویست هێرشی حەماس و ئاڵۆزكردنی دۆخی قودس بۆ فشاركردن بۆسەر ئەمەریكا بەكاربهێنێت لە دانوستاندنەكانی ڤییەنادا.

هەرچی لایەنە فەڵەستینییەكانە پێویستیان بە ئەم شەڕەیە بۆ دامركاندنەوەی توڕەی شەقام لە ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنە ناوخۆییەكان، كە هەفتەی پێشوو بڕیاری دواخستنی درا.

ئایا ئیسرائیل غەزە داگیر دەكات؟

هەرچەندە ئیسرائیل بەتەواوی غەزەی گەمارۆداوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە ئیسرائیل نایەوێت غەزە داگیر بكات و ئەم پرسە رەهەندێكی ئەمنی و ستراتیژی هەیە.

چونكە بە داگیركردنی غەززە لە ڕووی ستراتیژییەوە عەرەب لە ئیسرائیل دەبنە زۆرینەو ئەوكات مەترسییە بۆ سەر دەوڵەتی ئاینی ئیسرائیل.

لەڕووی ئەمنیشەوە ئیسرائیل نایەوێت سەربازەكانی بخاتە ناو دۆزەخەوە و خۆی بە پاراستنی سەربازەكانییەوە لە غەزە سەرقاڵ بكات و سنوری بە ڕووی غەزەدا واڵا بكات.

هەر بۆیە ستراتیژی ئیسرائیل بریتییە لە تواندنەوەی هێواشی جوگرافیای غەزە لە بۆتەی ئیسرائیل دا لە ڕێگەی ناچاركردنی خەڵكەوە بە هەڵهاتن وەك ئەوەی لە ساڵی ١٩٦٧ لە قودس جێبەجێ دەكات، كە بەپێی ڕاپۆرتی ئۆنۆروا لە ساڵی ٢٠٠٧-٢٠١٨ زیاتر لە ٨٧ هەزار هاوڵاتی كەرتی غەزەیان جێهێشتووە.

دەرئەنجام:

لە كۆتاییدا وەك هەر جارێكی تر كە ئیسرائیل مانۆڕەكەی تەواو كرد و توانای موشەكی حەماسی لەناوبرد، میسر و قەتەر و ئوردون دەبن بە نێوبژیكەر و شەڕ ڕادەگیرێت و ئیسرائیل دەیان خێزانی بێ تاوانی فەلەستین لە قودس و خەلیل دەردەكات.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن