پارتی: ناحەقیيەکی گەورە لەشێوازی ھەڵبژاردندا لەکوردستانيیەکانی کەرکوک کراوە

کوردستان

14/05/2021     ژمارەی بینراو 862

راچڵەکین-

بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان رایگەیاند:" لەسیستەمی بازنەیی ھەڵبژاردنەکان ناحەقییەکی گەورە لە کوردی کەرکوک کراوە و لەبازنەی حەویجە بە ٩٨ ھەزار دەنگ کورسییەک بەدەست دەھێنرێت، بەڵام لەبازنەی رۆژھەڵات کە بازنەی کوردییە بە سەد و ٣٠ ھەزار دەنگ کورسیەک بەدەست دێت".

لەسەر ئامادەکارییەکانی حزبەکەی بۆ ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکەرکوک رایگەیاند: "ئێمە وەکوو پارتی پێشنیاری یەک لیستی و دروستکردنی ھاوپەیمانێتی خستە بەردەم لایەنەکانی کەرکوک، بەڵام سەری نەگرت و پارتیش بەشداری ھیچ کۆبوونەوەیەکی لایەنەکانی کەرکوکی نەکرد بۆ یەک لیستی و دروستکردنی ھاوپەیمانێتی، بەڵام ئەم سیستەمی ھەڵبژاردنە شێوازی دەنگدانە بەتاک و کاندید، بۆیە دروستکردنی ھاوپەیمانێتی گرنگییەکی ئەوتۆی نییە".

"وەکوو ھەر پارتێکی دیکەی عێراق ئاماددەکاریمان بۆ ھەڵبژاردنە پێشوەختەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستپێکردوە و بەدوو کاندید بەشداری ھەڵبژاردنەکانی کەرکوک دەکەین و ھەر بابەتێکی تریش بێتە پێشەوە ئەوکات بڕیاری پێویستی بۆ وەردەگرین"محەمەد خورشید وای وت.

دەشڵێت:"جەماوەری پارتی ھەر لەکەرکوکن تەنھا ھەندێک بارەگایان لەھەولێرە ئەویش بەھۆی داگیرکردنی کەرکوک و بارەگانیان لەشارەکە و ھەرکات ھەست بەئازادی کاری سیاسی بکەین حەتمەن دەگەڕێینەوە کەرکوک".

بڕیارە رۆژی ١٠-١٠-٢٠٢١، هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەبچێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن