سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پەیامێك بڵاودەكاتەوە

کوردستان

14/05/2021     ژمارەی بینراو 393

د. رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

راچڵەكین –

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە پەیامێكدا بەبۆنەی یادی 59 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، ستایشی ڕۆڵ و كاریگەریی مامۆستایان و ھەڵوێستی خۆڕاگرانەیان دەكات بەرامبەر ھەموو ئەو ئاستەنگ و قەیرانانەی كە رووبەڕووی وڵاتەكەمان بۆتەوە، دەشڵێت: پاڵپشتیی تەواوتان دەكەین، لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری مامۆستایان و بەرەوپێشەوەچوونی دۆخی ژیان و گوزەرانێكی شایستەتر بۆیان.

د. رێواز فایەق، لە پەیامەكەیدا وێڕای پیرۆزباییكردن لە سەرۆك و ئەندامانی سكرتاریەت و سەرجەم مامۆستایانی كوردستان بەبۆنەی یادی 59 ساڵەی دامەزراندنی رێكخراوەكەیان، رایگەیاندووە، یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان لەمێژووی خۆیدا خاوەنی خەباتێكی مەدەنییانەی پڕ لەسەروەری و قوربانیدانە لەگیانفیدایی و پێشكەشكردنی بەخششی زانستی، بەپێی قۆناغە جیاوازەكان تێكۆشاوەو لەگەڵ ھەر ھەلومەرجێكی نەخوازراوی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتیدا، رووبەڕووی تەنگژەكان بۆتەوە.

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، ڕۆڵ و كاریگەریی مامۆستایانیشی بەرزنرخاندووەو ستایشی ھەڵوێستی خۆڕاگرانەشیانی كردووە بەرامبەر ھەموو ئەو ئاستەنگ و قەیرانانەی كە رووبەڕووی وڵاتەكەمان بۆتەوە. راشیگەیاندووە، ئێمە لەپەرلەمانی كوردستان پاڵپشتیی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ كارە ڕێكخراوەیی و مەدەنییانەكەتان، لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری مامۆستایانی كوردستان و بەرەوپێشەوەچوونی دۆخی ژیان و گوزەرانێكی شایستەتر بۆیان.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن