سکچوون و ڕشانەوە…چۆن چارەسەر بکرێت؟

تەندروستی

04/06/2021     ژمارەی بینراو 4488

راچڵەکین-

لە ئێستادا لە کوردستان و بە تایبەتی شاری سلێمانی شەپۆلێکی سک چوون و ڕشانەوەی بەهێز هاتووە هەر وەک هەموو ساڵێک و ڕۆژانە سەد سەد نەخۆش سەردانی نەخۆشخانە و عیادەکان دەکەن بۆ چارەسەر. لێرەدا هەندێک زانیاری گرنگ و پراکتیکی باس دەکەین.
تێ بینی/بەشێک لەو نەخۆشانەی سکچوون دەگرن کۆرۆنایە...ووریا بن.
سکچوون و ڕشانەوە چۆن درووست دەبن؟
 درووست بوونی سکچوونەکە و هاتنە دەرەوەی ئەو هەموو پیساییە لە لاشەی مرۆڤ لە ئەنجامی بەرگری لەشی ئەو کەسەیە کە وا دەکات ئەو مشەخۆرە یان ژەهرەکەی بکاتەوە دەرەوە.کەواتە بەرگرییەکی لەشی مرۆڤە و لە سەرەتادا سوود بەخشە،بەڵام کاتێک زیاد لە پێوویست بوو مل دەنێت بۆ ووشک بوونەوە،بێ هێزی و تەنانەت لەوانەیە مردن هەرچەندە لە جیهانی ئێستادا و لە کوردستانیش خۆش بەختانە مردن بە سک چوون دەگمەنە.
سک چوون و ڕشانەوە دوو هۆکاری سەرەکی هەیە: یان بە هۆی مشەخۆرەوەیە واتە میکرۆب یان بە هۆکاری دیکەیە و پەیوەندی بە میکرۆبەوە نییە. ئەو جۆرەیان کە میکرۆب دەی کات زۆربەی هەرە زۆری مشەخۆرەکانی ناو خواردن دەی کات کە لە ناو خەڵکی خۆمان پێی دەلێن (ژەهراوی بوون بە خۆراک) وبە عامییەکەی پێی دەلێن (تەسەموم).
تەسەموم گەر ووردی بکەینەوە لەوانەیە دڵتان بگرێت بەڵام گرنگە بیزانن،تەسەمووم واتە کەسێک لە پاش پیسایی کردن هاتووە دەستە پیسەکەی بە باشی پاک نەکردۆتەوە و کردوویەتییە ناو خۆراکەکەوە. جا خۆراکەکە چێشتێکی لێنراو بوو بێت یان سەوزە و زەڵاتە و ئەوانە بووبێت. ئەم نەخۆشییانە بە تایبەتی لە هاوین و وەرزە گەرمەکاندا ڕوو دەدەن لەبەر ئەوەی میکرۆبەکان لە گەرمادا باشتر گەشە دەکەن.هەروەها زۆربەی کات لەو خۆراکانەدا ڕوو دەدەن کە باش ناشۆرێنەوە یان خراپ هەڵ دەگیرێن لە ساردکەرەوەکان یان گەرم دەکرێنەوە وەکو جێشت و گۆشت.
چی بکەین؟
گەر سک چوونەکەت یەک دوو جارێک بوو وە هیچ کام لەم خاڵانەی خوارەوەی تیا نەبوو ئەوا سەردانی پزیشکی ناوێت، خاڵەکان:
١- ڕشانەوە
٢- لەرز و تا
٣- نەخۆشەکە پیری پەک کەوتە بێت
٤- نەخۆشەکە دەست بە جێ بێ هێزبوونی لێ پەیدا ببێت
 گەر ئەوانەت نەبوو،پشوو بدە،مەهێڵە گەرمات بێت وەکو چوونە بەر خۆر،دەست بکە بە خواردنەوەی شلەمەنی و بە تایبەت بچۆ گیراوەی (دێکسترۆلایت) بکڕە کە باشترین چارەسەری سک چوونە. گیراوەی دێکسترۆلایت ئەو کیسەیە کە دەکرێتە ئاوەوە و تامێکی سوێری هەیە. ئەمە هەم ناهێڵێت پەکت بکەوێت،ناهێێڵێت ووشک بیتەوە،هەروەها سک چوونەکەش دەوەستێنێت!
ووریای ئەم هەڵانە ببن چوونکە هەندێک جار کوشندەیە
١- کە سک چوونت هەبوو هەرگیز بێ پرسی پزیشک حەبی وەستێنەری سکچوون مەخۆ وەکو (ئینترۆ ستۆپ).ئەم حەبانە سکچوونەکەت کەم دەکاتەوە بەڵام میکرۆبەکە لەناو لەشتدا دەهێڵێتەوە کە زۆر خراپە.
٢- خۆت برسی مەکە،بەردەوام بوون لە خواردن وا دەکات زووتر باش بیتەوە نەک بە پێچەوانەوە
٣- هەرگیز لە خۆتەوە حەبی (فلاجیل) مەخۆ بۆ سک چوون تەنانەت گەر سکجوونەکەشت باش بکات،هەندێک خەڵک لێرە بە هەڵە پێی دەڵێن (فلاجین).ئەمە چارەسەرێکی زۆر کۆنی ئێراقی بووە هی ساڵی حەفتا و هەشتاکان و لە ئێستادا ئەو میکرۆبانە نەماون بەو شێوەیە کە فلاجیلی بۆ بخورێت.
٤- پەنا مەبە بۆ ئازار شکێن بۆ ئازارەکانی ناو سکت،بە چاک بوونی ڕشانەوە و سکچوونەکە ئازاری ناو سکەکەت خۆی چاک دەبێتەوە زۆربەی کات
٥- کە وویستت سەردان بکەیت تەنها سەردانی پزیشکی هەناوی بکە بۆ چارەسەر.
د.زانیار ئاغال
پزیشکی پسپۆڕی هەناوی

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن