عیراق هەوڵی بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆم دەدات

عێراق

6 رۆژ پێش ئێستا     ژمارەی بینراو 95

رچڵەكین –

حكومەتی عیراق پلانێكی ئامادەكردووە بۆ بەدەستهێنانی وزەی ئەتۆم لەڕێی دامەزراندنی چەند وێستگەیەكی ئەتۆمی، بۆ ئەو مەبەستەش گوژمەیەكی بەبڕی 40 ملیار دۆلار تەرخانكردووە.

ئاژانسی بلومبێرگ، لەسەر زاری كەمال حسێن سەرۆكی دەزگای عیراقی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سەرچاوە تیشكدەرەكان، بڵاویكردووەتەوە، حكومەتی مستەفا كازمی پلانی داناوە بۆ دامەزراندنی هەشت وێستگەی ئەتۆمی، بۆئەوەی لەو رێگەیەوە كۆتایی بە كێشەی كەمیی كارەبا لە وڵاتەكەی بهێنێت.

بەوتەی ئەو بەپرسەی عیراق، لەئەگەری سەركەوتنی پلانەكەی حكومەتی عیراق، كە بڕی 40 ملیار دۆلاری بۆ تەرخانكردووە، وێستگە ئەتۆمییەكان توانای بەرهەمهێنانی 11 گێگاوات كارەبایان دەبێت.

حكومەتی عیراق بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكە، لەگەڵ وڵاتانی رووسیاو كۆریای باشوورو چەند كۆمپانیایەكی گەورەی جیهانی دەستی بە گفتوگۆكردن كردووە.

ماوەی چەندین ساڵە عیراق دووچاری گرفتی كەمیی كارەبا بووەتەوە، هەرچەندنە ل كابینەكانی پێشووی حكومەت، دەیان ملیار دۆلار بەمەبەستی چارەسەركردنی ئەو گرفتە خەرجكراوە، بەڵام بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەی كە رەوانەی دەستەی نەزاهە كراوە، گەندەڵییەكی زۆر لە كەرتی كارەبادا كراوەو بەشی زۆر ئەو پارەیەشی كە لەرابردوودا بۆ چاككردنی كارەبا تەرخانكراوە، بەفیڕۆدراوە.

سەرۆكی دەزگای عیراقی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی سەرچاوە تیشكدەرەكان ئاشكرایكردووە، 20 شوێن دەستنیشانكراوە بۆ دامەزراندنی وێستەگە ئەتۆمییەكان، ئەگەریشی هەیە ساڵی داهاتوو دەست بە جێبەجێكردنیان بكرێت.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندۆرید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن