وێنه‌و ڤیدیۆ..به‌هۆی نه‌خۆشییه‌که‌وه‌ 42 که‌س له‌ گوندێکی که‌رکوک که‌چه‌ڵ بوون

ڕاپۆرت

11/06/2021     ژمارەی بینراو 486

راچڵه‌کین-

بەشێک لەدانیشتووانی گوندی کێف سەر بە قەزای دووبز لە پارێزگای کەرکووک تووشی نەخۆشی کەچەڵی بوونەتەوە و تەمەنی تووشبوانی نەخۆشییەکەیش لەسێ مانگییەوە تا ٣٩ ساڵیدایە. پسپۆڕانی نەخۆشی پێست و منداڵان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ھاوسەرگیری نێوان کەسە نزیکەکانیان ھۆکاری تەشەنەسەندنی نەخوشییەکەیە.

حامد خەمیس یەکێکە لە منداڵانەی ھەڵگری نەخۆشی پێستی سەرە و دەڵێت: "زۆر ماندوو و ئیزعاجبووم بەدەست نەخۆشییەکەوە و روخساری ئێمەی شێواندووە و بەجۆرێک خەڵکی گاڵتەم پێ دەکەن بۆیە منیش نامەوێ بچمە دەرەوە".

 داود شەھاب که‌ دانیشتوویەکی گوندەکەیه‌ ده‌ڵێت:" گوندەکەمان بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنێ لەوانە نەبوونی ئاوی پاکی خواردنەوەیە لەگوندەکە و نەبوونی پرۆژەی ئاوەڕۆیە کە ھەموو پیسی و پاشماوەی زبڵ و خاشاک لەناو گەڕەکەکانی گوندەکە کۆبۆتەوە و ئەو ئاوەشی بۆ خواردنەوە بەکاری دەھێنن ئاوی کشتوکاڵییە و بۆ خواردنەوە شیاو نیە".

دکتۆر فائیزە خەتاب، پزیشکی پسپۆڕی منداڵانیش باس له‌ هۆکاره‌که‌ی ده‌کات و ده‌ڵێت:"زیاتر لە ٢٥ منداڵی ئەم گوندە تووشی نەخۆشی کەچەڵی و قژ روتانەوە بوونە کە ئەمەیش حاڵەتێکی ناسرووشتییە و ھەر لەدایک دەبن قژیان نیە و بەپێی ئەو بەدواداچوونەیشی لەسەر کەسوکاری نەخۆشەکان کردوومانە ئەگەر زۆرە کە بەھۆی تێکەڵبوونی خێزانی و ھاوسەرگیری کردنی خزمە نزیکەکانی یەکترەوە ئەم نەخۆشییە تەشەنەی کردبێ و بۆ ئەوەیشی بگەینە دەرئەنجامێکی باشی نەخۆشییەکەیش پێویستمان بەھەندێک پشکنینە کە لەکەرکووک و لەعێراقش بوونی نییە و دەبێ ببرێنە دەرەوەی وڵات و ئەو پشکنینەیش تێچۆکەی زۆرە و لەئاست بژێوی دانیشتووانی ئەم گوندە نییە".

 

 

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن