عیراق.. هێرش كرایەسەر كاروانێكی هێزی هاوپەیمانان

عێراق

16/06/2021     ژمارەی بینراو 247

راچڵەكین –

لەناوچەیەكی باشووری عیراق، بە بۆمبی چێندراو هێرشكرایە سەر كاروانێكی ئۆتۆمبیلەكانی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، كە كەلوپەلی لۆجیستی باركردبوو.

سەرچاوەیەكی ئەمنیی عیراق ئاشكرایكرد، ئەمڕۆ 16-6-2021، بۆمبێك كە لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە لەسەر رێگایەكی خێرا لەسنووری پارێزگای ئەنبار چێنرابوو، بە كاروانێكی گواستنەوەی كەلوپەلی لۆجیستی ھێزەكانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا تەقییەوە.

بەوتەی سەرچاوەكە، تەقینەوەكە هیچ زیانێكی گیانی و ماددی لێنەكەوتووەتەوە.

تا ئێستا ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش و سوپای عیراق ھیچ راگەیەندراوێكیان لەوبارەیەوە بڵاونەكردووەتەوە و ھیچ لایەنێكیش بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو تەقینەوەیە رانەگەیاندووە.

لە ماوەی چەند مانگی رابردووەوە تا ئێستا چەندینجار كاروانی گواستنەوەی كەلوپەلی لۆجستی و سەربازیی ھێزەكانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش بە رابەرایەتی ئەمریكا لە چەند پارێزگایەكی عیراق لەلایەن كەسانی نەناسراوەوە كراونەتە ئامانج.

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئەندرۆید

داگرتنی ئەپی راچڵەکین بۆ ئایفۆن