 
      
          
          
					
          
         
         
         
          
					
          راچڵەكین-
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت، هەورامان ناوچەیەكی گرنگ و مێژوویی كوردستانە و رۆڵی پێشەنگی بینیووە لە پێشخستنی بوارەكانی فەرهەنگی، رۆشنبیری و ئەدەبی و كۆمەڵایەتی گەلەكەمان.
رێكخراوی جیهانیی پەروەردەیی و زانستی و فەرهەنگیی سەر بە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان (یونسكۆ)، ناوچەی هەورامانی رۆژهەڵاتی كوردستانی خستە نێو "لیستی شوێنەوارە گرنگەكانی مرۆڤایەتی."
بافڵ تاڵەبانی، لەپەیامێكدا كەلەهەژماری تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە:" پێشوازییەكی گەرم لە بڕیاری ناساندنی هەورامان وەك ناوچەیەكی كەلەپووریی جیهانی لەلایەن لیژنەی كەلەپوور و شوێنەواری كلتووریی رێكخراوی یونسكۆ دەكەین و مایەی خۆشحاڵیمانە كە ئەم بەشە گرنگەی رۆژھەڵاتی كوردستان وەك میراتییەكی كلتووریی جیھان دەستنیشانكرا."
دەشڵێت:" هەورامان ناوچەیەكی گرنگ و مێژوویی كوردستانە و رۆڵی پێشەنگی بینیووە لە پێشخستنی بوارەكانی فەرهەنگی، رۆشنبیری و ئەدەبی و كۆمەڵایەتی گەلەكەمان."
 بافڵ تاڵەبانی ئاماژە بەوەدەكات:" بۆ ئەم دەستكەوتە مێژووییە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پیرۆزبایی گەرم لە  خەڵكی خۆشەویستی كوردستان و ناوچەی ھەورامان دەكات و ھیوادارین هەموومان پێكەوە ھاوكاربین بۆ پێشخستنی زیاتری كایەكانی رۆشنبیری، كلتووری و پاراستنی شوێنەوارە دێرین و بەنرخەكانی كوردستانەكەمان كە سەرمایەیەكی گرنگی نەتەوەیی و نیشتمانیمانن."